لە یادی ڕۆژنامەگەری كوردییدا هێرشكرایە سەر كەناڵی (ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر)

پۆلیسی بەلجیکا هەڵیکوتایە سەر بارەگاى (ستێرک تى ڤى و مەدیا خەبەر) و بەپێی زانیارییەکان، زیانى ماددیان بە کەناڵەکان گەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز بڵاویکردەوە" درەنگانی شەوی ڕابردوو زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیسی بەلجیکا هەڵیانکوتایە سەر ستۆدیۆکانی هەردوو کەناڵی (ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەر)". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا دوای دەستبەسەرکردنی پاسەوانی کەناڵەکان، دەستیانکرد بە پشکنینی ستۆدیۆکانیان کە بارەگاکانیان لە برۆکسلی پایتەختە، هەروەها دەستیان بەسەر ژمارەیەک کۆمپیوتەردا گرتووە و پاش چوار کاتژمێر پشکینین کشاونەتەوە.

هەروەها دەستەی پشتیوانی ستێرک و مەدیا خەبەر تی ڤی لەبارەی هەڵکوتانە سەر ستۆدیۆکانیان لە بەلجیکا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن" هەڵکوتانە سەر ستۆدیۆکانی مەدیا خەبەر و ستێرک تی ڤی لە بەلجیکا کە شەوی ٢٣ی نیسان ئەنجامدرا، کەناڵەکانمان ئێستا لە لایەن سەدان پۆلیسەوە داگیرکراون، لە رێگەی ئەم هەڵکوتانەوە ویستیان دەنگی گەلی کورد ببڕن و کپی بکەن، نابێت ئێمە بەرامبەر بەوە بێدەنگ بین". 

ئەوەش هاتووە" داوا لە گەلەکەمان دەکەین کە بۆ ئەوەی رێگری لەو پێشێلکاری و هەڵکوتانەسەرە نایاساییە بگرن، رووبکەنە بینا و بارەگاکانی هەردوو کەناڵەکە". 


AM:09:51:23/04/2024