وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خانەنشینان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی بڕیاریدا بە هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی گرێبەستی بۆ ئەو خانەنشینانەی لە ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ بڕیاری خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە، بە بڕیاری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکی دەستەی خانەنشینان ماهر حسێن ڕەشید، دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی سەر بە وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە، ماوەی خزمەتی گرێبەستی بۆ ئەو بەساڵاچووانە هەژمار دەکات، کە بڕیاری خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥.

بەپێی فەرمانەکە کە ئاراستەی سەرجەم بەش و لقەکانی دەستەکە و و سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە بەغدا و پارێزگاکان کراوە، بڕیاری هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی گرێبەستی بۆ خانەنشینبووانی ئەو سێ ساڵە دەرکرد" بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەی ٢٧ی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣– ٢٠٢٤– ٢٠٢٥، هەژمارکردنی خزمەت بۆ کارمەندانی گرێبەست بەپێی بڕگەکانی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤".

ئاماژە بەوەشدەکات، ڕێکارەکانی زیادکردنی هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی فەرمانبەری گرێبەست بۆ ئەوانەی شایستەن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەسەڵاتدایە بۆ پشتگیریکردنی توێژی خانەنشینان و لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە، کە لەسەر بنەمای دابینکردنی پێداویستییەکانی خانەنشینان لە عێراق دەرکراوە.


PM:07:42:23/04/2024