جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ئاماژە بەوەدەکات کە هاتنی سەرۆکی وڵاتی تورکیا و هەر وڵاتێک بۆ هەرێمی کوردستان بێگومان بایەخی خۆی هەیە و دەڵێت" سەردانی ئەردۆغان بۆ پێگە و بەهێزی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەم کاتوساتە هەستیارەدا کە لێکترازانێکی سیاسی هەیە و لە دۆخێکی نا هەموارداین، هاتنی سەرۆکی وڵاتی تورکیا و هەر وڵاتێک بۆ هەرێمی کوردستان بێگومان بایەخی خۆی هەیە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە".
مونا قەهوەچی راشیگەیاند " وڵاتی تورکیا دراوسێیە و دەکرێت هەندێک لە کارەکان پێکەوە لە بەرژەندی هەردوولادا بکرێت، (سەردانی ئەردۆغان) بۆ پێگە و بەهێزی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، کە هەمیشە ئەو قەوارەیە بە پارێزراوی بمێنێتەوە".
سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای تورکیە لەسەر قەڵای هەولێر مونا قەهوەچی وتی" ئەوەی بۆ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و پاپای ڤاتیاکان کرا و ئاڵای وڵاتەکانیان هەڵکرا، بە هەمانشێوە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیاش کرا و لە ڕووی پرۆتۆکۆڵییەوە هیچ نا یاسای بوونێکی تێدا نەبوو. ئەوانەی کە چەواشەکاریان بڵاودەکردەوە لە سۆشیاڵ میدیا و بە نایاسایییان زانی ئەوانە هەمیشە نا حەزانن".
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا نزیکی ٢٥ ڕێککەوتن و تێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆکرد.
دوای بەغدا، ئەردۆغان ئێوارەی دوێنێ گەیشتە هەولیر و لەلایەن سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی تری باڵای حکومەتی هەرێم پێشوازی لێکرا.