رونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش لەسەر ئەو کەسەی دوێنێ کوژرا

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راگەیەندراوێکی لەسەر رووداوەکەی دوێنێ شەو بڵاوکردەوە کە داواکراویک کوژرا و رایگەیاند" تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت و نامانەوێت جگە لە بڕیار و رێنمایی دادگاکان هیچ روونکردنەوەیەکی تر بدەین و وەڵامی ئەو لێدوانانەش تەنیا لە دادگا دەدەینەوە".

بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت" دوای ئەوەی بە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو داواکراو لەگەل هێزەکانی ئاسایش لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر، یەکێکیان گیانی سپارد و ئەویتریان بریندار بوو، کەسوکاری ئەو داواکراوەی گیانی لە دەست داوە لێدوانیان هەبووە".

راشیگەیاند" لێرەدا رایدەگەیەنین کە تەواوی بەڵگەکان لەبەردەستی دادگادان و ئەو دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی دەبڕێت و نامانەوێت جگە لە بڕیار و رێنمایی دادگاکان هیچ روونکردنەوەیەکی تر بدەین و ولامی ئەو لێدوانانەش تەنیا لە دادگا دەدەینەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە 
لە بارەی ئەو کەسەی دوێنێ شەو لە هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، هەرێمی کەمال ئاغا ئەندامی سەرکردایەتی دەڵێت" ئاسایشی گشتی تاوان‌و ناوزڕاندنی ئەنجامداوەو قابیلی قبوڵ نییە".

شەوی رابردوو ئاسایشی هەولێر رایگەیاند" لە روبەروبونەوەیەکدا دوو داواکراوی دادگا تەقەیان لە هێزەکانی ئاسایش کرد و بەهۆیەوە کارمەندێکی ئەمنی برینداربوو، لە ئێستاشدا یەکێک لە داواکراوەکان کوژراوە و ئەوی دیکەشیان دەستگیرکراوە".



PM:10:51:24/04/2024