شیرین فوئاد مەعسوم: هەڵبژاردن بە بێ پارتی لەو کاتەی دیاریکراوە ئەنجام نادرێت

کادرێکی  پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی لابردنی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" ئەم گۆڕانکارییە لە ژێر فشاری وڵاتانی تر ئەنجامدەدرێت"، ئاماژە بەوەدەکات کە بە بێ پارتی هەڵبژرادن لەو کاتەی دیاریکراوە، ئەنجام نادرێت.

شیرین فوئاد مەعسوم، کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق و کادری  پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند" بڕیارە کورسی کۆتاکان بە ڕێژەیەکی کەم بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق ژمارەی کورسی پەرلەمانی لە ١١١ کورسییەوە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی".

شیرین فوئاد مەعسوم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" کورسی کۆتاکان بە ڕێژەیەکی کەمتر دەگەڕێتەوە، لە کۆتاییدا پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەوانەی تریش زەرەرمەندی یەکەم دەبن، کە هێزێکی ناوخۆیی ئەو بڕیارەی بۆ بەرژەوەندی حزبێکی ناوخۆی کوردستان داوە".

ئاماژەی بەوەکرد، گۆڕانکارییەکی وەها لە ژێر فشاری وڵاتانی تر ئەنجامدەدرێت کە لە ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکان نیگەرانن.

وتیشی" وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە فەرمی و نافەرمی هۆشدارییان داوا بۆ کورسی کۆتای مەسیحییەکان، هەروەها تورکیاش ئەو پەیامەی لە بارەی تورکمانەکانەوە گەیاند".

شیرین فواد مەعسوم،  سەربارەت بە هەڵوێستی پارتی ڕایگەیاند" پارتی نە دەزانێت سازش چیە و نە دەشیکات بۆ هیچ حزب و لایەن و کەسێک، تاکە شت بیەوێت قوربانی بۆ بدات و ڕێککەوتنی لەگەڵ بکات مافی خەڵکە، بۆیە هەڵبژاردن بە بێ پارتی لەو کاتەی دیاریکراوە ئەنجام نادرێت".

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ٢١ی مانگی شوباتی ئەمساڵ، سەبارەت بە نەمانی کورسی کۆتاکان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، ڕۆژی ٣ی مانگی ئازار، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی سەرۆکایەتی تایبەتی دەرکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ١٠ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیاریکرد.

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی ١٨ی مانگی سێ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە نادەستوری ناوبردن و ڕایگەیان"  بە شداری هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی بڕیاری لەبارەوە درابێت".



AM:11:52:25/04/2024