قۆناغی نوێی سەپاندنی حیجابی زۆرەمڵی لە ئێران دەستیپێکردووە

قۆناغی نوێی سەپاندنی حیجابی زۆرەمڵی لە ئێران دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکان لە شارە جۆراجۆرەکانی ئیڕان بە تووندترین شێوە بەرامبەر بە هاولاتیان بێ حیجاب دەوەستنەوە، لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئێران دەڵێن" بە زۆر کەس نابەین بۆ بەهەشت، بەڵکو دژی ئەو نایاساییە دەوەستینەوە ".

دوو هەفتە بەسەر دەستپێکی قۆناغی نوێی سەپاندنی توندترین رێوشوێنی حیجابی زۆرەمڵێ لە ئێران تێدەپەرێت، ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی  سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران، دوێنێ لە نوێژی هەینیدا لە تاران، بەرگریی لەم کارە کرد و وتی" بە زۆر کەس نابەین بۆ بەهەشت، بەڵکو دژی ئەو نایاساییە دەوەستینەوە".

ئەوەی خاتەمی بە "وەستان لە بەردەم نایاسایی" ناوی بردووە، لەگەڵ تووندوتیژی ئەفسەرانی پۆلیس و لایەنە سەربازی و نیمچە سەربازییەکانی دیکەی حکومەتدا بووە، و بووەتە هۆی ناڕەزایی بەربڵاو لە بیروڕای گشتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و تەنانەت هەندێک کەس نزیک لە حکومەت داوای وەستاندنی ئەم کارەی حکومەتیان کردووە.

هاوکات دوێنێ ئەحمەدڕەزا ڕەدان، بەرپرسی هێزی پۆلیسی ئێران لە شاری قوم، جەختی لەسەر درێژەدان بەم کارە کردەوە و وتی "هیچ ئیرادەیەک، بوختانێک، ناوزڕاندنێک، هیچ تاوانبارکردن و شانازیکردن، پاڵمان پێنادات بۆ دواوە لەم ڕێبازە پڕ نیعمەتە کە حەزرەتی حەق هەیەتی، و لەبەردەممان دانراوە".

ڕەدان وتی" بە فەرمی ڕایدەگەیەنم، بە فەرمی ئاگادارتان دەکەمەوە کە ئێمە پرسی حیجاب و پاکیزەیی وەک بابەتێکی تەواو ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەبینین، بە هیچ شێوەیەک وەک پرسێکی پۆلیس یان ئەمنی نایبینین".

فەرماندەی جێبەجێکردنی یاسای ئێران لە کاتێکدا باس لە" فەرهەنگی و جێبەجێکردنی یاسایی" حیجابی زۆرەمڵێ دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بوونی قورسیان هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا لەگەڵ هاوڵاتیان تێکهەڵچوونیان کردووە و بە تووندووتیژی رووبەروویان بوونەتەوە.



AM:11:02:27/04/2024