"دانیشتوانی زومار نەگەڕێنەوە..لەزومار سێ خێزان خانوەكانیان پێدا تەقیوەتەوە

بەرپرسێكی هێزی پێشمەرگە داوا لە دانیشتوانی زومار‌و دەوروبەری دەكات جارێ بۆ خانوەكانیان نەگەڕێنەوە‌و چونكە خانوەكانیان مینڕێژكراوە. هاوكات سێ خێزان خانوەكانیان پێدا تەقیوەتەوە.

لەمبارەیەوە ساڵح میرانی بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەزومار بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاند: زومار لەگەڵ نزیكەی 30 گوند لە داعش پاك كراونەتەوە و لە ئێستادا هێزی پێشمەرگەیان تێیدا جێگر كراون، بەڵام داعش مین و تەقەمەنییەكی زۆری لەو ناوچەیە داناوە و هێزی پێشمەرگەیش لە پاككردنەوەیان بەردەوامە.

وتیشی، هێزی پێشمەرگە داوا لە خەڵكی زوممار و دەوروبەری دەكات، جارێ نەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان تاوەكو بە تەواوەتی لە مین و تەقەمەنی پاك دەكرێتەوە و هەر كاتێكیش پاك كرایەوە، ئەو كات دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشدا "تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا، سێ خانوو بە سێ خێزاندا تەقیونەتەوە و لە ئاكامدا ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید بوون، بۆیە لە رێگەی ماڵپەڕەكەی ئێوەوە داوا دەكەین تا بە تەواوەتی ناوچەكە پاك دەكرێتەوە، هیچ كەسێك بۆ ناوچەكە نەگەڕێتەوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هێزی پێشمەرگە لە پاككردنەوەی ناوچەكە لە مین و تەقەمەنی بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش زۆر شوێن پاك كراونەتەوە.



PM:05:03:28/10/2014