پێشمەرگەو شەڕڤانان شێوازی شەڕکردن لەگەڵ داعش دەگۆڕن

هاوسەرۆكی پەیەدە ئاشكرایدەكات شەڕڤانان‌و پێشمەرگە شێوازی شەڕكردنیان لەگەڵ چەكدارانی داعش گۆڕیوە‌و سەركەوتنی زیاتریان بەدست هێناوە.

ساڵح موسلم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە رۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)ی لەندەنی راگەیاند، کە شەڕڤانان لە بەرگریکردنەوە، بوونەتە هێرشکار، ئەو باس لەوەش دەکات، کە شەڕڤانان بەشێوەیەکی هێواش پێشڕەوی دەکەن، چونکە شێوازی شەڕەکە زۆر جیاوازە و گرووپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئەو شوێنانەی بەجێیان دێڵێت، بۆمبڕێژییان دەکات.

موسلم لەبارەی کاریگەری چوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە 'کاریگەر' دەزانێت، بەتایبەت کە ئەو پێشمەرگانەی چوونەتە کۆبانێ، تایبەتمەند و چەکی کاریگەر و پیشکەوتوویان پێیە و رۆڵی پشتیوانیکردن دەبینن، دەتوانن تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش بە دووری چوار کیلۆمەتر مسۆگەر بکەن.

موسلم لەبارەی ئەگەری ناردنی ژمارەیەکی زیاتری پێشمەرگە بۆ شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت 'ژمارەکە دیاری نەکراوە و هەماهەنگی بەردەوامی هەیە، ئەگەر بەهۆی شەڕەکانەوە پێویستی زیاتر بە هەبوونی پێشمەرگە هەبێت، هەردوو سەرکردایەتی سەربازی پێشمەرگە و شەڕڤانان گفتوگۆی لەسەر دەکەن، چونکە لە رووی سیاسییەوە هیچ ناکۆکییەک لەو بوارەدا نییە'.



PM:01:56:06/11/2014