بارزانی: تیرۆریستان لەبەرانبەر پێشمەرگەدا خۆی پێ ڕاناگیرێ

‌بارزانی - عادل عەبدولمەهدی،
وەزیری نەوتی عێراق، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی، دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد "بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە بەرەكانی شەڕ دژی تیرۆریستان" بەدەستیهێناوە و بارزانیش رایگەیاند، کە "هیچ بستێك لەخاكی كوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە".

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2014 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق كرد.

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکردووە، کە "تیرۆریستان لە بەرانبەر پێشمەرگەی كوردستان خۆیان پێ ڕاناگیرێ و هیچ بستێك لەخاكی كوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە".

عادل عەبدولمەهدی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بارزانی، باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای لە بواری وزە کردووە.

بارزانی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی تێکشکاندنی داعش کردووە و بە پێویستی زانیوە، کە "هەنگاوی كردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی بگیرێتەبەر".

وەزیری نەوتی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بە پیویستیی دۆزینەوەی "رێگە چارەی ریشەیی بۆ سەرجەم كێشەكان بە پشت بەستن بە دەستوور و ئەنجامی رێككەوتنەكانی نێوان هێز و لایەنە عیراقییەكان و شەراكەتی راستەقینە لە بنیاتنانی وڵات و سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و دیموكراتی لە تەواوی عێراقدا" کردووە.

عادل عەبدولمەهدی هەروەها هیوای خواستووە، کە "بە زووترین كات تیرۆریستان لە هەموو عێراق تێكبشكێندرێن" و ئارامی بۆ عێراق بگەڕێتەوە.



PM:03:54:13/11/2014