هەفتەی داهاتوو ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەبەغداوە دەگاتە هەرێم

‌فازل نەبی، بریکاری وەزیری دارایی لە کابینەکەی عەبادی
بریكاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق فازل نەبی رایگەیاند" هەفتەی داهاتوو بەغدا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات".

بریكاری وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق (فازڵ نەبی)، بە ماڵپەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە"  دوای رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی)، واژۆ كرا، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو رێكارانەی پێویستە وەك وەزارەتی دارایی دەیگرنە بەر و ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم دیاری كراوە كە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، رەوانەی دەكەن".

بریکاری وەزیری دارایی عێراق فازل نەبی کە پشکی پارتیە  وتیشی" رەوانەكردنی ئەو بڕەپارەیە بەشێكی بچووكە لە مافەكانی هەرێمی كوردستان كە بۆی خەرج دەكرێت".

 وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، ڕێك كەوتن كە بگەنە چارەسەرێكی یەكسان و گشتگیر بۆ كێشەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەك هەنگاوی یەكەمیش بڕیار درا حكوومەتی فیدراڵ بڕی (500) ملیۆن دۆلار بداتە حكوومەتی هەرێم، حكوومەتی هەرێمیش ڕۆژانە بڕی (150) هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەخاتە ژێر ڕكێفی حكوومەتی فیدڕاڵەوە.
 



PM:12:30:14/11/2014