لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێت

پاش تەقینەوەكەی رۆژی چوارشەممەی شاری هەولێر، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەكۆبوونەوەیەكی نائاساییدا بڕیاریدا لیژنەی ئەمنی ئەو پارێزگایە بانگهێشتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

لەمبارەیەوە ھیوا جەوھەر قادر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەلێدوانێکیدا بە SNNی راگەیاند، دوای تەقینەوە خۆکوژیەکەی دوێنێی ھەولێر دەست بەجێ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامداو رێککەوتین لەسەر ئەوەی کە دەبێت ھەماھەنگی ھەبێت لەنێوان ھاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەکان تا بتوانن بەباشترین شێوە کارەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و  لەماوەی ھەفتەیەکیشدا لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر ئامادەی ئەنجومەنی پارێزگار بێت تا تاوتوێی ئەو پرسە بکات .

وتیشی، کێشەی ئێمە بۆ لایەنی ئەمنی ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی عەرەبە بۆ پارێزگاکانی ھەرێم کە باش و خراپ تێکەڵ بووەو تیرۆرستان ئەوەیان وەک ھەلێک بەکار ھێناوە بۆ دزەکردن، بۆیە ئێمە داوا دەکەین کە سەرجەم ئەو ئاوارە عەرەبانە لە کۆمەڵگایەکی تایبەتدا جیا بکرێنەوە، چونکە بە ئاسانی لە دەروازەکانەوە تیرۆرستان بەو ھۆیەوە نەبێت ناتوانن بێنە ناو ھەرێمەوە .

ھیوا جەوھەر ئەوەشی خستەروو" لەبەر ئەوەی بەدرێژی ھەرێم شەرمان لەگەڵ تیرۆرستانە و لەھەر ساتێکدا دەرفەتیان ھەبێت کاری خۆیان ئەنجام دەدەن و ھێرش دەکەنە سەر شارەکانی ھەرێم، بۆیە دەبێت ئیجرائاتی توند بکرێت تا رووداوای وا دووبارە نەبێتەوە .



PM:03:45:20/11/2014