17%"ی بودجەی عێراق بۆ هەرێم، یەك ملیار دۆلاریش بۆ پێشمەرگە"

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: كە رێكەوتنی نێوان هەولێر‌و بەغدا رێكەوتنێكی پۆزەتیڤە‌و لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە‌و هەنگاوێكە بەرەو پێشەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سپی میدیا ئاشكرایكرد كە بودجەی ساڵی 2015ی عێراق جگە لەوە پشكی 17%ی بۆ كوردە هاوكات حكومەتی بەغدا یەك ملیار دۆلاریش بۆ پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە دەدات بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەسەر دوو خاڵی تایبەت‌و هەنوكەیی لەگەڵ حكومەتی بەغدا رێكەوتووین كە ئەویش خاڵی بودجەی هەرێم‌و پرسی نەوتە. سەبارەت بە بودجەی هەرێم وتی: لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015، كورد پشكی 17%ی بۆ كورد جێگیركراوە.

 دەربارەی بودجەی ساڵی 2014ش كە بڕێكی كەمی لەبەغدا هاتووە بۆ هەرێم، تاڵەبانی وتی: لیژنەیەك لەهەردوو لا پێدەهێنرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی بڕی ئەو نەوتەی هەرێم كە فرۆشراوە بەرامبەر ئەو پارەیە كە لەساڵی 2014دا بەغدا ناردویەتی بۆ هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە پرسی نەوت جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە سپی میدیای رایگەیاند كە هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لەهێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمە دەنیرێت بۆ توركیا‌و، حكومەتی عێراقیش لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەیفرۆشێت.

ئەم 550 هەزار بەرمیلە، 300هەزاری لەبیرەی نەوتەكانی كەركوكە دەڕوات‌و، 250 هەزاریشی نەوتی هەرێمە كە رەوانە دەكرێت. كۆی ئەم 550 هەزار بەرمیلەش عێراق لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەیفرۆشیت.

وتیشی: هەرچ نەوتێكی زیاتر لەم بڕە هەرێم بەرهەمیبێنێت، ئەوا داهاتەكەی بۆ خەڵكی كوردستان‌و بۆ پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیە بیانیانەیە كە هەرێمدا كاردەكەن. هەروەها هەرێم خۆی سەرپشك دەبێت لە فرۆشتنی ئەو نەوتەی زیادەی كە بەرهەمی دێنێت.

دەربارەی ئەم ماوەیە كە لەساڵی 2014 ماوەتەوە، پێویستە حكومەتی هەرێم رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت بۆ توركیا‌و حكومەتی عێراق سەرپشكە لە فرۆشتنی، بەرامبەر بەمەش تا كۆتایی ساڵ حكومەتی بەغدا 500 سەد میلیۆن دۆلاری تر دەدات بە حكومەتی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی لەسەر بودجەی پێشمەرگە وتی: حكومەتی فیدراڵی عێراق رازی بووە بەوەی كە یەك ملیار دۆلار لە یاسای بودجەی 2014دا جێگیر بكات، ئەمەش بۆ خۆی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ گەلی كورد كە لەیاسای بودجەدا بڕێك پارە بۆ پێشمەگە دابنرێت‌و ئەمەش دەبێتە ستانداردێك بۆ ساڵانی داهاتوو.

سەبارەت بەرۆڵی د. حسێن شهرستانی، وەزیر خوێندنی باڵای ئێستای عێراق‌و جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە، قوباد تاڵەبانی وتی: بە پێچەوانەی ئەوەی میدیا كوردیەكان بڵاویان كردوەتوە، رۆلی حسێن شەهرستانی زۆر پۆزەتیڤ بووە‌و بە بەردەوامی هەوڵیداوە لەم كۆبوونەوانەی دوو رۆژی رابردوودا هەرێم‌و بەغدا بەیەكتر بگەن. (تۆڕی میدیایی رووداو لە هەواڵەكانی رۆژی دووشەممەی خۆیدا وتی رۆڵی شەهرستانی زۆر خراپ بووە).

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كرد كە هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی‌و وەفدەكە لەتێكڕای گفتگۆكانی چەند رۆژی رابردودا پۆزەتیڤ بووە.

ناوبراو پێیوایە ئەم رێكەوتنە لەم قۆناغەدا‌و جێبەجێكردنی لەم كاتەدا دەستكەوتێكە بۆ خەڵكی كوردستان .



PM:06:03:02/12/2014