لیستێكی 117 كەسی ئاشكرا دەكرێت كە پاڵپشتی دارایی تیرۆر دەکەن

دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی عەرەبی كەنداو لەكۆبوونەوەیەكی نهێنی خۆیاندا ناوی 117 كەسیان ئاشكرا كرد كە پاڵپشتی دارایی تیرۆریان كردوە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "الشاهد"ی كوەیتی، دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی كەنداو بەم دواییانە چەندین كۆبوونەوەی نهێنییان لە كوەیت، ریاز‌و ئەبوزەبی بەڕێوەبردووە بۆ وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی گروپە تیرۆریستییەكان لەناوچەكە.

بەپێی راپۆرتەكە لەو كۆبوونەوانەدا 117 كەس لە وڵاتانی عەرەبی كەنداو دەستنیشان كراون كە پاڵپشتی گروپە تیرۆریستییەكان دەكەن‌و بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەم كەسانە دەركراوە.

لەراپۆرتەكەدا هاتووە كە دەزگا ئەمنییەكان چەندین بەڵگەنامەیان دەستكەوتووە كە بەپێی ئەوە چەندین ملیار دۆلار لەلایەن ئەو 117 كەس لە رێگە بانكەكانی قەتەر‌و عەمان بۆ حسابی نەناسراو لە توركیا‌و تونس‌و میسر نێردراوە.

لەئێستا 984 كەس لەوڵاتانی عەرەبی كەنداو بەوە تۆمەتبارن كە لەگەڵ داعش هاوكاری دەكەن كە 96 كەسیان خەڵكی كوەیتن.



PM:03:11:07/12/2014