بەغدا: كورد بۆی نیە لەدەرەوەی رێكەوتنەكە نەوت بفرۆشێت

وەزیری نەوتی عێراق راگەیاند كە ئەوان دژی فرۆشتنی نەوتی هەرێمن بە سەربەخۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، جگە لەو بڕەی كە لەسەری رێكەوتوین هیچ رێكەوتنێك نیە لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەدەرەوەی ئەو بڕە.

لەبەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەكراوە كە هیچ رێكەوتنێكی سەر زارەكی‌و نوسراو لەنێوان هەولێر‌و بەغدادا نیە كە هەرێم بتوانێت لەدەرەوەی ئەو بڕەی كە لە رێكەوتنەكەدا هەیە، نەوت بفرۆشێت، چونكە نەوت موڵكی هەموو عێراقییەكانە (لەدەرەوە 550 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كورد ناتوانێت هیچ بفرۆشێت).

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: بە پێی ئەو رێكەوتنە، هەرێم لە نەوتی كەركوك 300 هەزار بەرمیل‌و 250 هەزار بەرمیل نەوتی كوردستانیش لە رێگەی بۆرییەكانی كورستانەوە دەنێرێتە دەروە. ئاماژەش بەوەدەكات كە كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت بۆ دۆزینەوە رێوشێوی جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنە بە پێی دەستور.

بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەڵوێستی بەغدا جێگیرە‌و هیچ رێكەوتنێكی دیكە نیە كە كورد لەدەرەوەی ئەو 550 هەزار بەرمیلە نەوت بفرۆشێت.



PM:03:23:08/12/2014