هه‌ڵوێستی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و هاوسه‌ری تاڵه‌بانی، له‌سه‌ر پرۆژه‌ی بووژانه‌وه‌و چاککردنی یه‌کێتی، له‌وه‌دا کۆده‌بێته‌وه"با کۆنگره بگرین".
سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک له‌مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه په‌رده له‌سه‌ر هه‌ندێک نهێنی نێوان ئه‌و دوو باڵه‌ی یه‌کێتی بڵاوده‌کاته‌وه که بۆ هه‌ر دوو جێگره‌که گه‌یشتنه ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی بووژاندنه‌وه‌و چاککردنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ده‌ربکه‌ن.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست سپی میدیا که‌وتووه ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر پێش نووسینی ئه‌و پرۆژه‌یه، کۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دا کۆبوونه‌ته‌وه‌و به‌ناوی خۆی و به‌رهه‌م ساڵحه‌وه پێشنیارێکی له‌سه‌ر چۆنیتی و پێکهاته‌ی سه‌رکردایه‌تی نوێی یه‌کێتی له‌کۆنگردا بۆ هێرۆ ئیبراهیم پێشنیار کردووه.
به‌پێی زانیارییه‌کان، کۆسره‌ت ره‌سوڵ پێشنیاری ئه‌وه‌ی بۆ هێرۆ ئیبراهیم کردووه که له‌کۆنگره‌ی یه‌کێتیدا لیستێکی 45 که‌سی هه‌بێت و ده‌نگدانی له‌سه‌ر بکرێت و ئه‌و 45ئه‌ندامه، سه‌رکردایه‌تی ئاینده‌ی یه‌کێتی بکه‌ن.
سه‌رچاوه‌که‌ی سپی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که ئه‌و لیسته 45 که‌سیه 15 ئه‌ندامی له‌لایه‌ن هێرۆ ئیبراهیمه‌وه ده‌ستنیشان بکرێن و، 15 ی تری له‌لایه‌ن کۆسره‌ت ره‌سوڵ و، 15 ترشیان له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه.
سه‌رچاوه‌که‌ی سپی ئه‌وه‌ی ئاشکرا کرد که هێرۆ ئیبراهیم دژی ئه‌و بیرۆکه‌یه بووه‌و وتوویه‌تی " ئه‌گه‌ر وایه ئینجا بۆ کۆنگره ببه‌ستین".
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه دوای ئه‌وه‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی ره‌تکردۆته‌وه هه‌ردوو جێگره‌که‌ی سکرتێری گشتی، کۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح ئه‌و پرۆژه‌یه‌یان نووسیووه‌و ده‌یانه‌وێت له مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌ر کردایه‌تی یه‌کێتیدا پاڵپشتی بۆ په‌یدا بکه‌ن و ببێته رای زۆرینه‌و ئه‌مری واقیع.
سه‌رچاوه‌که‌ی سپی باسی له‌وه کرد که هێرۆ ئیبراهیم دوای ده‌رچوونی پرۆژه‌که ئه‌و رای وایه که کۆنگره ببه‌سترێت و هه‌ر راو بۆچوونێک هه‌یه له‌وێدا گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت.
سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ریش هێرۆ ئیبراهیم نامه‌یه‌کی بۆ مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان نارد‌و داوای به‌ستنی کۆنگره‌ی کرد.