"دلێری سەید مەجید داوا لەعیماد ئەحمەد دەکات پێش ئەوەی لەناو یەكێتیدا كارلەكار بترازێت بگەڕێتەوە كوردستان"

‌عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی که‌ رۆژی 10 کانونی یه‌که‌م گه‌رایه‌وه‌و لەدەرەوەی وڵات بوو، دلێری سەید مەجید داوای لێدەكات بەپەلە بگەڕێتەوە كوردستان بۆ ئەوەی ناوبژیوانی لەنێوان باڵی هێرۆ ئیبراهیم لەگەڵ باڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵحدا بكەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بە سپی میدیای راگەیاند كە لیژنەیەك بریتی لە: عەدنان موفتی، عیماد ئەحمەد، ئەرسەلان بایز‌و دلێری سەید مەجید پێكهاتووە بۆ ناوبژیوانیكردنی نێوان باڵی هێرۆ ئیبراهیم‌و باڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح. ئەو لیژنەیە هەر دوولا دەبینێت‌و هەوڵی لەیەكتر نزیك كردنەوه‌یان دەده‌ن بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی.

ئەم هەوڵەی دلێری سەید مەجید‌و ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی پاش ئەو پرۆژەیە دێت كە بەناوی بوژانەوە‌و چارەسەركردنی یەكێتی لەلایەن هەردوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیەوە دراوە بەئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی ئەو حیزبە.

بە پێی زانیاریەكانی سپی تا ئێستا هەردوو باڵ سوورن لەسەر رای خۆیان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكان: هەرچی باڵی دوو جێگرەكەی سكرتێری گشتییە ماوەیەك پێش ئێستا پێشنیاریان كردوە كە سەركردایەتییەكی تەوافقی پێكبێت لە 45 ئەندام كە 15یان كۆسرەت رەسوڵ دایبنێت‌و 15یان بەرهەم ساڵح‌و 15ی دیكەشیان هێرۆ ئیبراهیم دەستنیشانی بكات، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن هێرۆ ئیبراهیمەوە رەتكرایەوە‌و ئەو پێیوایە كە ئەگەر سەكردایەتییەكی لەو شێوە دروست بكرێت، چیدی بەستنی كۆنگرەی گشتی یەكێتی مانای نامێنێت.

دواتر باڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح پرۆژەكەیان بەسەر مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتیدا گشتاند‌و دەیانەوێت لەرێگەی ئەو پرۆژەیەوە زۆرینەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی كۆبكەنەوە‌و بیكەنە ئەمری واقیع. لەبەرامبەردا بە پێی زانیاریەكانی سپی كە پێشتر بڵاوكراوەتەوە، هێرۆ ئیبراهیمە داوا دەكات كە هەر بۆچوونێك هەیە لەسەر چۆنیەتی سەركردایەتیكردنی یەكێتی با بێن لەكۆنگرە باسی لێوەبكەن‌و هەر كۆنگرەش یەكلایی بكاتەوە.



PM:02:41:11/12/2014