داوا لە عەبادی دەکرێت رێککەوتنی نێوان بەغداو هەولێر هەڵوەشێنێتەوە

لە یاداشتێکدا کە پەرلەمانتاری ناسراو د. مەهدی حافز سەرۆکی کەمپینەکەیە، داوا لە جبوری و عەبادی دەکەن کە رێککەوتنی نێوان بەغداو هەولێر هەڵوەشێننەوە، چونکە لە قازانجی هەرێمە.

ئەو یاداشتە کە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نێردراون، زۆر بەڕاشکاوانە داوا دەکەن کە ئەو رێککەوتنەی ٢-١٢-٢٠١٤ لە نێوان بەغداو هەولێردا لەسەر پرسی نەوت و بوودجە ئەنجام درا هەڵبوەشێنرێتەوەو " چونکە زەرەری عێراق‌و قازانجی هەرێمی کوردستانی تیایە"و، سەرلەنوێ دەست بە گفتوگۆ بکرێتەوە.

ئەو یاداشتە کە ئیمزای ٢٠ ئابوری ناسی عێراقی لەسەرەو ٢٠-١٢-٢٠١٤ نوسراوەو سپی میدیا بینیویەتی، لە ناوەرۆکەکەیدا داوا دەکات کە دەبێت رۆژانە هەرێم ٥٥٤ هەزار بەرمیل نەوت لە بەرهەمبهێنێت و لە ڕێگای سۆمۆوە بفرۆشرێت، ئینجا لە بودجەی عێراق بڕی لە١٧% یان پێ بدرێت.
هەروەها لە بڕگەیەکی تری یاداشتەکەدا هاتووە کە کۆی ئەو نەوتەی هەریم بەرهەمی دەهێنێت بە سوتەمەنییە ناوخۆییەکان بخرێتەوە سەر عێراق و ئەو رێژەیەی کە بۆیان دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی بیاندرێتێ.

پێشبینی دەکرێت کە ئەم گرووپە لەناو پەرلەمانی عێراقیش کەمپینی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بکرێتە بابەتێکی پەرلەمان و لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا قسەی لەسەر بکرێت و یڕیاری لە بارەوە بدرێت. 

حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم رۆژی ٢-١٢-٢٠١٤ رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە لەرێگای سۆمۆ ( تاکە کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق) بکات.

هەروەها لە بیرە نەوتەکانی کەرکوکیش هەرێم رۆژانە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێنراو، هەردووکیشیان لە هێڵی هەرێمی کوردستانەوە بنێرێت بۆ بەندەری جیهانی تورکی.



PM:12:25:04/01/2015