مەلابەختیار: بڕیاری یەک لایەنە پەسەند ناکرێت

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی یەکێتی، مەلا بەختیار لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەڵێت" جگە لە پرۆژی هاوبەش، بڕیاری یەک لایەنە پەسەند ناکرێت".

مەلا بەختیار لە روونکردنەوەیەکدا کە بەناوی نوسینگەی رۆژنامەوانی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیەوە لەپەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" ئەوە بڕیاری مەکتەبی سیاسیە"، هاوکات دەشڵێت" بۆ چۆنییەتی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو وەزارەت‌و دەزگاكانی تریش، بەپرۆژەی هاوبەش‌و هاوسەنگ‌و متمانە بەخش".

دەقی روونکردنەوەکە

رونكردنەوەیەك لەسكرتێری رۆژنامەگەری مەلا بەختیار-ەوە
دەقی روونكردنەوەكە:

هەڤاڵ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، بۆ باری تەندروستی 4 چوار رۆژ لە وڵات دووربوو، لەو ماوەیەشدا، سەیری رۆژنامەو تیڤی‌و سایتەكانی نەكردبوو. تا دوێنێ 2015/1/3، چاوی بەهەندێك هەواڵدا گێڕاوە.

سەبارەت بەیەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش، وا دیارە قسەوباس زۆرە، ئێمەش قسەی زۆر زۆرترمان هەیە. بەڵام دەرهەق بەهەلومەرجی ئێستا، تەنها هێندە دەڵێین:

پێش كێشەكانی ئێستای ناو یەكێتیی، مەكتەبی سیاسی، بەئامادەبوونی بەڕێز جێگری سكرتێری گشتی‌و بەرپرسە سەربازییەكانی یەكێتیی لەمەكتەبی سیاسی، بڕیاریداوە كە بە پڕۆژە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، لەگەڵ چەندین بابەتی تری حكومەتدا، یەكێتی بكەوێتە گفتوگۆ. لە بڕیارەكەداو لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، وتراوە: جگە لەپرۆژەی هاوبەش، بڕیاری یەكلایەنە پەسەند ناكرێ.

وتارەكەی هەڤاڵ مەلا بەختیاریش، لەدەربەندیخان، جەخت كردنەوە بووە لەسەر ئەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی‌ و بەس. هەتا مەكتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاری تر نەدەن، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پابەندی بڕیاری مەكتەبی سیاسییە، بۆ چۆنییەتی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو وەزارەت‌و دەزگاكانی تریش، بەپرۆژەی هاوبەش‌و هاوسەنگ‌و متمانە بەخش.
لەگەڵ رێزدا

نوسینگەی رۆژنامەوانی هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



PM:03:44:04/01/2015