وەفدێكی پەرلەمان سەردانی كۆنسولخانەی فەرەنسای كرد

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی‌ کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان كرد‌و پەیامی هاوخەمی پەرلەمان و گەلی کوردستانی بە گەلی فەڕەنسا ڕاگەیاند.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨-١ د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەهاوڕێیەتی سکرتێری پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی کونسوڵی فەڕەنسای لە هەولێر کردو لەلایەن ئالان گێب خان سەرکونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان پێشوازیکرا.

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رایگه‌یاند لەشەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، فەڕەنسا پشتیوانییەکی گەورەی هەرێمی کوردستانیکرد دژ بە تیرۆرستان، "ئەمڕۆ ئێمەش پشتیوانی گەلی فەڕەنسا دەکەین".

وتیشی‌ "هیوادارین گەل و حکومەتی فەڕەنسا، لەبەردەم ئەم کارە تیرۆرستییەدا خۆڕاگربن".

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ کونسوڵی فەڕەنسا، وتی "تیرۆر، هەڕەشەیە بۆ سەر هەمومان، هەربۆیە دەبێت هەمومان پشتیوانی یەک بین دژ بە تیرۆرستان، ئەو کارە تیرۆرستییەی پاریس، کارێکی نامرۆڤانەیە و ئیدانەی دەکەین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین."

لە وتەیەکیدا، کونسوڵی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد، کە سەردانی کونسوڵخانەی کردووەو پەیامی هاوخەمی بۆ گەلی فەڕەنسا هێناوە.



PM:04:27:08/01/2015