دوێنێ 27-1 یادی حه‌فتا ساڵه‌ی هۆلۆکۆست بوو، به‌ڵام میدیاکانی کوردستان که‌مترین گرنگیان پێدا، له‌کاتێکدا گه‌لی کورد خۆی یه‌کێکه له قوربانییه‌کانی جینۆساید.
دوێنێ یادی ئازادکردنی ئۆردوگای زۆره ملێی (ئاوشڤیتس- بیرکێناو) بوو له رۆژی 27-1-1945 دا له‌لایه‌ن سووپای سووری یه‌کێتی سۆڤیه‌تیه‌وه. ئه‌م ئۆردوگایه بریتی بوو له گه‌وره‌ترین ئۆردوگای له‌ناوبردنی مرۆڤ له‌سه‌رده‌می ( ناسیوناڵ سۆسیالیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا)دا که ته‌نها 3 کم له شاری (ئۆشڤیچیم)ی پۆلۆنیاوه دووربوو، که پاش داگیرکردنی له لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه له‌ساڵی 1941 دا دروستکرا.
ناوی (ئاوشڤیتس) ئیدی له‌و کاته‌وه بووه سومبولی هۆلۆکۆست یان په‌کتاوکردنی ڕه‌گه‌زی. له کۆی 6،5 ملیۆن که‌سی قوربانییه‌کانی هۆلۆکۆست نزیکه‌ی 1،1 ملیۆنین که‌سیان که له‌وانه 1 یه‌ک ملیۆن که‌سیان جووله‌که بوون لێره له‌م ئۆردوگایه له‌ناوبران. 200 هه‌زار مرۆڤی دی به هۆی نه‌خۆشی و خراپی خۆراک و سزادان و تاقیکردنه‌وه‌ی پزیشکیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، یان وه‌ک بێکه‌ڵک نیشانه کراون و له ژووری گازدا ژه‌هراوی کراون.
ئه‌وانه‌ی له‌وێ کوژران خه‌ڵكی وڵاتانی به‌لجیکا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا، یۆنان، ئیتالیا، یۆگسلاڤیا، لۆکسه‌مبۆرگ، هۆڵه‌ندا، نه‌مسا، پۆلۆنیا، رۆمانیا، سۆڤیه‌ت، چیکۆسلڤاکیا و هه‌نگاریا بوون، ئا‌سه‌واری ئه‌م ئۆردوگایه تاکو ئه‌مرۆش ماوه‌ته‌وه‌و وه‌ک هۆشداریه‌ک بۆ مرۆڤایه‌تی هه‌موو ساڵێک له 27- 1دا یادی قوربانییه‌کانی به فه‌رمی ده‌کرێته‌وه که به داخه‌وه میدیای کوردی گرنگی به‌م یاده نه‌داو به‌هیچ جۆرێک ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوو.