برای كاوە گەرمیانی بۆ مەحمود سەنگاوی: دەبێ جەنابت کرنوش بۆ دایکم بەریت‌و داوای لێبوردنی لێبکەی

‌مەحمود سەنگاوی
پاش ئەوەی مەحمود سەنگاوی لەبەرنامەیەكی كەناڵی رووداودا سەبارەت بە كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوس كاوە گەرمیان لێدوانی دابوو، بنەماڵەی كاوە بو نوسراوێك وەڵامی دەدەنەوە.

رۆژی شەممە 31/1/2015،  بەرنامەی "تۆپ ستۆری" رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، تایبەت بوو بە کەیسی تیرۆری رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی، لەو ئەڵقەیەدا مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی کە پێشتر بە کوشتنی کاوە گەرمیانی تۆمەتباركرابوو، وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە.

سەبارەت بە وەڵامەکانی مەحموود سەنگاوی، کاروان ئەحمەد برای کاوە گەرمیانی لە بابەتێکدا وەڵامی سەنگاوی دەداتەوە :


دەقی وەڵامەكەی براكەی كاوە گەرمیانی:

وەڵامێک بۆ مەحمود سەنگاوی

لەچەند رۆژی رابوردودا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ( مەحمود سەنگاوی ) کرا لەکەناڵی روداو پێم باشبوو چەند رونکردنەوەیەک بدەم لەسەر چاوپێکەوتنەکەی سەبارەت بەیەکسانبوونی رۆڵی دادوەرو دادگاکان لەبەرامبەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگا قسەی دەکرد کە بۆخۆی ئەمە خەیاڵێکی قوڵە کە باسی یەکسانی بکەی لەدادگاکاندا، بەڵگە بۆ ئەمەش ئەوەیە چەندین بەرپرس هەیە کە فەرمانی گرتنیان هەیەو ئێستا زۆر بەئازادانە دەسورێنەوە کەسێکیش نییە دەستگیریان بکات.

دەپرسین ماوەی ( ٨ ) مانگ زیاتر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو بەیاسای تیرۆر زۆر بێ باکانە دەسورایەوەو داوتر کرا بەبەرپرسی میحوەری جەلەولاو شوێنەکەشی ئاشکرابو، بۆ کەسێک نەبو دەستگیری بکا؟ لێرەدا رۆڵێ دامودەزگا ئەمنیەکان‌و دادو دادوەرکان لەکوێدایە؟ وە دواتر رێگەی بۆ خۆی پاککردەوەو ئامادەی خۆی پیشاندا لەدادگادا جەنابی دادوەریش بێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات کەیسەکەی بەخێرای رەوانەی دادگای تیا هەڵچونەوەی ( کەرکوک_گەرمیان ) کردو بەو سیناریۆیە ئازادکرا دیارە ئەم سیناریۆیە پێشتر بۆ ئێمە ئاشکرابو بۆیە ئامادەنەبوین لەو دانیشتنە بەشداری بکەین.

وە دەڵێ من بێتاوان دەرچوم، بەڵام کە پرسیاری ئەوەی لێدەکرێ ئەی ئەو تاوانباری کە ئێستا فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوە رات چییە بەرامبەری، لەوەڵامدا دەڵێ گومانم هەیە ئەو تاوانبارە ئەو کارەی ئەنجامدابێ، دەپرسین دادگا بۆ ئازادکردن بێلایەن بو، بەڵام بۆ داردەستەکەت گومانت هەیە‌و دواتر دەڵێ جارێ حوکمەکە ماوەتی بەتەواوی جێبەجێ بکرێ جارێ لە ( تەمیزدایە ) ئەم وەڵامەش گومانی گەورە لای ئێمە دروستدەکات لەوانەیە کاری بۆ ئازادکردنی ئەویش کردبێ ئەمە لەکاتێکدایە ئێمە گەواهیدەرمان هەیە کە ئەم تاوانبارە چەند رۆژێک پێش ئەوەی ( کاوە گەرمیانی ) تیرۆربکەن بەدوای ماڵی ئێمەدا گەڕاوە.

وە تاوانبار ( توانا خەلیفە ) کێشەی هەبوو لەگەڵ کەسێکی تردا بەسوڵحی عەشایەری (مەحمود سەنگاوی) کێشەکەیان بۆ چارەسەردەکات ئەمە لەکاتێکدایە دەڵێ من پەیوەندیم نییە بەو تۆمەتبارەوە، زۆرم پێسەیرە کە دەڵێ کاوە گەرمیانی رۆژنامەنوسێکی زۆر شارەزا نەبوە باشە گەر شارەزا نەبووە چۆن جێگەی ده‌بوەوەو لەو هەموو دەزگا راگەیاندنانەدا کاربکات تەنانەت ئەندامی رۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتیش بو.

بۆیه‌ ده‌ڵێین جەنابت‌و هاوشێوەکانت دان بەو رۆژنامەنوسانە نانێن کە بەردەوام بەدواتانەوەن‌و دۆسیەی گەندەڵیەکانی رابوردوو داهاتوتان ئاشکرادەکەن، بۆیە ئێوە بەوە راهاتون رۆژنامەنوس دەبێت خزمەتکاری گەندەڵەکان بێت‌و وەسفتان بکات.

لەوەڵامی پرسیارێکی تریشدا دەڵێ (کاوە گەرمیانی) خراپ وەڵامی داومەتەوە بۆیە جنێوم پێداوە کە ئەمه‌  بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە زۆر زۆر دورە لەراستیەوە، چونکە هەرکەسێک گوێی لەتۆمارە دەنگیەکە گرتبێ هەموو شتێک دەزانێ، وە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ حیزبێکی سیاسی نەهاتوتە لای ئێمەو بڵێ سکاڵا لەسەر (مەحمود سەنگاوی) تۆماربکەن ئەوە ئەو بەڵگانە بوو کە ئێمەی وا لێکرد بەردەوام بین لەسەر سکاڵاکەمان وە ئاشنای تۆو ئەو کەسە بوو کە فەرمانی لەسێدارە دانی بۆ دەرکرا پەیوەندیە تەلەفۆنەکانی تاوانبارەکە بو لەگەڵ جەنابت پێش تیرۆرکردنەکە زیاتر هانی دەداین بەردەوامبین، بەڵام بەداخەوە ئێمە دادگاکانمان بۆ پاککردنەوەی ئێوەی بەرپرسە.

لەکۆتایدا دەڵێم دەبێ جەنابت کرنوش بۆ دایکم بەریت‌و داوای لێبوردنی لێبکەی وە هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس (کاوە گەرمیانی) هەر بەکراوەیی دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی سەبەخۆی لەدادگاکانی کوردستان لەدایک دەبێت.

کاروان ئەحمەد



PM:10:07:03/02/2015