دابه‌زینی نرخی نه‌وت زه‌ره‌ری 845 ملیۆن دۆلاری له‌هه‌رێم داوه‌

رێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نه‌وتی کوردستان له‌ راپۆرتی مانگانه‌ی خۆیدا رایگه‌یاند: بەتەنها لە مانگی یەكەمی ئەمساڵ 845 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زەرەر بە هەرێمی كوردستان گەیشتووه‌.

لە بەشی یەكەمی ئەو راپۆرتە بە ناونیشانی "بەرهەمهێنانی نەوتی گشتی" هاتووە تێكڕای بەرهەمی ناپوختی نەوتی هەرێم (كۆی نەوتی بەرهەم هاتوو) لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ رۆژانە 845 هەزار بەرمیل بووە، لەو بڕە 690 هەزار بەرمیلیان بەرهەمی پوخت(ئەو نەوتەی ئامادەیە بۆ هەناردەكردن)بووە، ئەو بڕەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2014دا 365 هەزار بەرمیل زیادیكردووە، بڕی 150هەزار بەرمیلیشی بۆ بەكاربردنی نێوخۆیی(ئەو نەوتەی دەچێتە پاڵاوگەكان و لە ناوخۆی هەرێم سەرفدەكرێت) بەكارهێنراوە. بەو پێیە ئەو بڕە بە بەراورد لە گەڵ مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2014 كە ئەو بڕە 110 هەزار بەرمیل بووە بە رێژەی 40 هەزار بەرمیل رۆژانە زیادی كردووە.

لە بەشی دووەمی راپۆرتەكەدا بە ناونیشانی "بەرهەمهێنانی نەوت بە پێی كێڵگەكان"دا ئاستی بەرهەمی بیرە نەوتییە بەرهەمهێنەرانەکانی هەرێم خراونەتە روو، لەوێدا هاتووە بەرهەمی بیری یەك و دووی خۆرمەڵە لە سەدا سی زیادیكردووە بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگی ساڵی 2014، بەڵام كێڵگەكانی خورمەڵە و تاوكێ بە بەراورد بە مانگی كانوونی یەكەمی 2014 و كانوونی دووەمی 2015 هیچ زێدە بەرهەمێكیان نەبووە.

بەپێی راپۆرته‌که‌ بەراورد بە مانگی كانوونی یەكەمی  ساڵی 2014، نەوتی هەرێم  لە مانگی كانوونی دووەمی 2015 بڕی 40 هەزار بەرمیل زیادیكردووە، واتە لە 805 هەزارەوە بووەتە 845 هەزار بەرمیل، ئەو زیادەیەش لە كێڵگەكانی تەقتەق و كێڵگەكانی دەرەوەی سلێمانی و دهۆك بووە، هەروەها هەردوو كێڵگەی تاوكێ و خورمەڵە فەیسی دوو و سێ زۆرترین بەرهەمییان هەبووە لە كانوونی دووەمی 2015دا.



PM:04:56:13/02/2015