نەتەوەیەكگرتوەكان داوا دەكات بڕیاری لەسێدارەدانی بەندكراوێكی كورد رابگیرێت

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان داوا لە حكومەتی ئێران دەكات بڕیاری لەسێدارەدانی بەندكراوی سیاسی كورد، سامان نەسیم، رابگرێت كە لە تەمەنی 17 ساڵیەوە لەزینداندایە.

ئەحمەد شەهید هەواڵدەری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران‌و "كریستۆف هێنز" نوێنەری تایبەتی ئەو رێكخراوە لە كاروباری لەسێدارەدان لەسەرو قانون لە بەیاننامەیەكدا داوا لە حكومەتی ئێران دەكەن سزای لەسێدارەدانی سامان نەسیم، بەندكراوی سیاسی كورد رابگرێت.

رۆژی رابردووش رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی‌و ژمارەیەكی دیكە لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ داوایان لەبەرپرسانی ئێران كردبوو سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندكراوە كوردە رابگرێت.

سامان نەسیم لە تەمەنی 17 ساڵیەوە دەستگیركراوە‌و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حیزبی پژاك سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لەم رۆژانەی داوییشدا بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندوە بەم زووانە سامان لە سێدارە دەدەن.



PM:11:38:18/02/2015