وەزارەتی رۆشنبیری بەیاننامەیەك لەسەر وێرانكردنی مۆزەخانەی موسڵ بڵاودەكاتەوە

وەزارەتی رۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت، چەند رۆژێکە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا دەیان پەیکەری مێژویی دەشکێنن و کتێبە دانسقە و کتێبخانە مێژوییەکان دەسوتێنن.


دەقی بەیاننامەکە

رۆشنبیران، ئازادی خوازان..

چەند رۆژێکە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بڵاو دەکاتەوە کە تێیدا دەیان پەیکەری مێژویی دەشکێنن و کتێبە دانسقەو کتێبخانە مێژوییەکان دەسوتێنن.

ئەمە هەڵمەتێکی وێرانکاریانەیە، تیرۆریستانی کۆنەپەرست هەرچی شێوازی ناشیرین بوو لە دژی مرۆڤایەتی بەکاریان هێنا، هەر لە کوشتن و تاڵان و کۆیلەکردنی ژنان گەڕانەوەی خەڵکی بۆ سەدەکانی دواکەوتویی بیابان و خێڵنشینی.

ئەوەی ئێستا دەیکەن لە رووخانی شوێنەوارەکان زیاتر ئاشکراکردنی ناسنامەی جەهالەت و تاریکی پەرستی ئەوانە، ئەوان زمانی سەردەم نازانن و چاویان بە مێژوو، کتێب، شارستانیەت هەڵنایە، ئەوەتا بەبەرچاوی جیهانەوە دەیان شوێنەواری مێژویی وێران دەکەن.

ئێمە لە وەزارەتی رۆشبیری و لاوان بە توندی ئیدانەی ئەو کارە وەحشیگەرانە دەکەین و داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشارەکانیان لەسەر ئەم تیرۆریستانە زیاد بکەن بۆئەوەی لەناو بچن، مانەوەی زیاتریان واتە سڕینەوەی کەلەپوری مرۆڤایەتی و وێرانکردنی سیما جوانەکانی ژیان.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوی یونسکۆ لەبەردەم ئەرکێکی ئەخلاقیدان بەرامبەر بەم کارە کۆنەپەرستانەیە و دەبێت فشاری زیاتر دروست بکەن، دەبێت هەرچی زوترە کار بۆئەوە بکرێت ئەم تاریکی پەرستانە لەئاوەدانی دور بخرێنەوە، ئەمە راستییەکی بەڵگە نەویستە هەرچی زیاتر ئەوانە بمێننەوە زیاتر مێژوو، شارستانییەت بەرەو وێران بوون دەچێت.

کاتێک گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەرەنگاری ئەو تیرۆریستانە بویەوە و لەجیاتی هەموو دنیا لەسەنگەری بەرگری لە ئازادی و مەدەنییەت و پێکەوەژیاندا بوو، دەیزانی ئەمانە دژی هەموو بەها مرۆڤایەتییەکانن، دەیزانی لەهەرکوێ ئەوان دەسەڵاتیان هەبێت ژیان دەبێتە تاریکستان و یاسای جەنگەڵ پەیڕەو دەکەن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت ئەم بەرگریکردنەی کورد بەرز بنرخێنێت و هاوکارییەکانیان بۆ گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە زیاتر بکەن.
وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ تەواوی ئەو وڵاتانەی کە بە چەک و مەشق و راهێنان هاوکاری پێشمەرگەیان کردوە، داواکارین هاوکاری مادی و مەعنەوی دەزگاکانی هەرێم بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری دواکەوتوانەی داعش، پێویستە هاوکاری ناوەندە رۆشنبیرییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن بۆئەوەی لەڕێگەی کۆنفرانس و چالاکی جۆراوجۆرەوە خەڵکی وشیار بکرێتەوە لەمەترسییەکانی بیری توندڕەوی، شەڕی داعش تەنیا بە چەک و سەرباز ناکرێت، پێویستمان بە بەرەکی مەدەنی جەماوەری هەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی فکری ، بۆ ئەمەش هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.

نەفرەت لەوانەی چاویان بە شارستانییەتی گەلان هەڵنایە
نەفرەت لە تیرۆرست و کۆنەپەرستان
سلاو لە پێشمەرگەی کوردستان
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان



PM:04:54:27/02/2015