پەرلەمانتارێك: تەرخانكردنی 16 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەیەك جێگای گومانە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان پێیوایە تەرخانكردنی 16 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەی ئاوو كارەبای كۆمەڵگەی گومرگی حادی ئۆمەران جێگەی گومانە‌و بە فیرۆدانی گەورەی لێ بەدی دەكرێت.

ئۆمێد حەمە عەلی، پەرلەمانتار لەفراكسیۆنی گۆڕان  لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەنوسێت: دوای ئەوەی زانیاریم سەبارەت بەتەرخانكردنی ( 16,000,000 ) شازدە ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوو كارەبارەی كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەرانم بەدەست گەیشت و چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە زۆر جێگەی گومانەو زیادەڕۆیی و بەفیڕۆدانی گەورەی لێ بەدیدەكرێت.


دەقی یاداشتەكە :


بۆ بەرێز/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
بابەت/ یاداشت


ســــڵاو و رێز ...
دوای ئەوەی زانیاریم سەبارەت بەتەرخانكردنی ( 16,000,000 ) شازدە ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوو كارەبارەی كۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەرانم بەدەست گەیشت و چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو پارەیە زۆر جێگەی گومانەو زیادەڕۆیی و بەفیڕۆدانی گەورەی لێ بەدیدەكرێت، هەرلە نمونەی ئەو گومانانەی بەتەماشاكردنێكی سەرەتایی دەردەكەوێ ئەو پارەیە كەبۆ هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی تەرخانكراوە، كەیەك مەتر  بیری ئیرتیوازی نزیكەی ( 100 ) سەد دۆلاری تێدەچێت، بەڵام زیاتر لە ( 700 ) حەوت سەد دۆلاری بۆ نوسراوە، بۆ كڕینی مۆلیدەی كارەبا نزیكەی (19) دەفتەر دۆلاریان نوسیوە، بەڵام دەتوانین بە ( 1500 ) هەزاروپێنج سەد دۆلار بیكڕین، لەگەڵ هەموو نمونەكانی دیكە.
بۆیە داوادەكەم لەبەڕێزتان ئەم یاداشتەم ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی هەرێم بكرێت، بەمەبەستی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەوردەكاری ئەو خەرجیانەو گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی پێویست، هەربۆ زانیاریتان بەنوسراوی ژمارە (660) لە 29 / 12 / 2014 كەلەبەڕێوەبەرایەتی ئەندازەو هونەری هەولێرەوە دەرچووە، بەمەبەستی وەرگرتنی پڕۆژەی شەبەكەی ئاووكارەبا لەكۆمەڵگەی گومرگی حاجی ئۆمەران و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ كراوە، بەمەبەستی وەرگرتنی كۆتایی.
لەگەڵ رێزدا...  
    

ئومێد حەمە عەلی
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
10/ 3/2015                                                                                                     
 



PM:05:05:10/03/2015