هێرۆ ئیبراهیم‌و میدیاكانی بەشداریی دیداری سلێمانی زانكۆی ئەمەریكییان نەكرد

لەكاتێكدا زۆرێك لە سیاسییەكانی عێراق‌و كوردستان‌و هەندێ میوانی دەرەوە بەشداریی دیداری سێیەمی سلێمانی زانكۆی ئەمەریكییان كرد، بەڵام باڵی هێرۆ ئیبراهیم هیچ كەسێكیان بەشدارییان نەكرد‌و ئەو میدیانەی نزیكن لەو باڵەوە روپێوی چالاكییەكەیان نەكرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی سێیەم دیداری زانكۆی ئەمەریكی بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە سیاسییەكانی عێراق‌و رۆشنبیران‌و رۆژنامەنوسانی ناوخۆو دەرەوە دەستی پێكرد، بەڵام نە هێرۆ ئیبراهیم‌و نە مەلا بەختیار‌و باقی بەرپرسانی تری ئەو باڵە بەشدارییان نەكرد.

پەیامنێری سپی میدیا لە هۆڵی دیدارەكەوە رایگەیاند كە تاكە كەس عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لە سەرباڵی هێرۆ ئیبراهیم هەژمار دەكرێت، بەشداری دیدارەكەی كرد.

لەكاتێكدا كە هەریەك لە سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆكی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە، هۆشیار زێباری وەزیری دارایی، حسێن شەهرستانی وەزیری خوێندنی باڵا، یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و چەندین سیاسی‌و بەرپرسی تری حیزبە كوردییەكان بەشداری دیدارەكەیان كرد.



PM:05:16:11/03/2015