مه‌سرور بارزانی روونكردنه‌وه‌یه‌ك لەسەر دیمانەكەی (BBC) بڵاوده‌كاته‌وه‌

‌مه‌سرور بارزانی
نووسینگه‌ی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك له‌ ئاستی عیراق و ناوچه‌كه‌دا، هه‌وڵیاندا په‌یام و لێدوانه‌كانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت و چه‌واشه‌كارانه‌ به‌ لارێدا ببه‌ن.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌: "دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی دیداری مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی BBC له‌ 17ی ئازاری  2015، چه‌ند كه‌س و لایه‌نێك له‌ ئاستی عیراق و ناوچه‌كه‌، هه‌وڵیاندا په‌یام و لێدوانه‌كانی به‌ مه‌به‌ستی تایبه‌ت و چه‌واشه‌كارانه‌ به‌ لارێدا ببه‌ن".

ده‌شڵێت: "ناوه‌رۆكی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ زۆر روونه‌ و كرۆكی په‌یامه‌كه‌ش یه‌كخستنی گشت تواناكانی ناوخۆی عیراق و ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ پێناو كۆتایی هێنان به‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ ساڵانێكه‌ پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن".

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌: "تێكستی دیمانه‌كه‌ی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌ سایتی (BBC)دا(http://www.bbc.com/news/world-middle-east-31917412) له‌ به‌ر ده‌سته‌ و په‌یامه‌كان زۆر روونه‌ و هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی لاوه‌كی هه‌ڵناگرێت،  بۆیه‌ لێره‌دا رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ هه‌ر لێدوان و شیكردنه‌وه‌یه‌كی  چه‌واشه‌كارانه‌ و ئامانجدار كه‌ له‌ داموده‌زگای دیكه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا بیروبۆچوونی خۆیانه‌ و به‌ده‌ر له‌ ناوه‌رۆكی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌ سایتی ئاماژه‌پێكراودا هیچ لێدوان و نووسینێك ده‌ربڕی بیر و بۆچوونی مه‌سرور بارزانی نیه‌".

نووسینگه‌ی مه‌سرور بارزانی
راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان

19-3-2015



PM:01:56:19/03/2015