جەنەراڵێکی ئەمەریکی داوا لە عەبادی دەکات بەر لە هەژموونی ئێران بگرێت

‌دێڤی پاتریۆس بەرپرسی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق
بەرپرسی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جەنەراڵ دیڤید پاتریوس دەڵێت: هەڕەشەی درێژخایەن لەسەر عێراق و ناوچەکە رێکخراوی داعش نییە، بەڵکو میلیشیاکانە کە ئێران پاڵپشتی دەکات، هەروەها دەڵێت" داعش لە کۆتاییدا تێکدەشکێت".

پاتریۆس لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی دەڵێت: ئێران سوودی لەو بۆشاییە کاتییەی ساڵانی رابردوو وەرگرتووەو خۆی دەسەپێنێت.

ئەو ژەنەراڵە ئەمەریکییە سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئاگادار دەکاتەوە لە رووبەرووبوونەوەی گەورەبوونی هەژموونی ئێران لەعێراق و هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەی تەواوی ئەو رۆڵە.

پاتریۆس باس لەوە دەکات ئەوەی لەو چوار ساڵەدا روویداوە تراژیدیاکی گەورەیە.

ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا نوری مالکی بەوە تاوانبار دەکات کە ئەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا بینای کردبوو مالکی وێرانی کرد و هێزە سەربازییەکانی تێکداو سەرکردە بەتواناکانی خانەشین کردو خەڵکانی گەندەڵی کردە بەرپرس لە سووپادا.
پاتریۆس ئاماژەی بۆ ئەوە کردەوە کە سونە دەوری گەورەی بینیووە لە شکست پێهێنانی داعشدا، مەترسی خۆشی نەشاردەوە لە پاکتاوکردنی تایفەگەری و راگواستنی سونەکان لەلایەن ئەو میلیشیا شیعانەوە.



AM:10:28:21/03/2015