سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند" پێش ٦٨ ساڵ لەمەوبەر قازی محەمەد سێدارەدا، بەڵام لەو رۆژەوە تا ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ ئامانجی سەربەخۆیی لای نەوەکانی کورد گەورەتر و باڵاتر دەبێت".
لەپەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەدەوە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان د. یوسف محەمەد دەڵێت: کۆماری مەهاباد، تەمەنی تەنها ١١ مانگ بوو، بەڵام کۆمەڵێک هەنگاوی گەورەی لە بواری ڕیفۆرمی پەروەردەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا نا.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمان د.یوسف محەمەد
ئەمڕۆ، ٣٠ی ئازار ٦٨ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانی لە کۆماری مەهاباد تێدەپەڕێت. کۆماری مەهاباد لە ڕۆژگارێکدا دامەزرا، خەونی سەربەخۆیی کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان لەبەردەم چەپۆکی نامرۆڤانەی دوژمنانی کورددا بوو، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قازی و هاوڕێکانی بە ورەیەکی پۆڵاینەوە سەربەخۆییان ڕاگەیاند.
کۆماری مەهاباد، تەمەنی تەنها ١١ مانگ بوو، بەڵام کۆمەڵێک هەنگاوی گەورەی لە بواری ڕیفۆرمی پەروەردەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا نا، هەربۆیە کورد لە هەمو پارچەکاندا بەچاوێکی پڕ لە هیواوە لە هەنگاوە گەورەکانی کۆمارەکەیان دەڕوانی. بەڵام بەداخەوە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و سیستەمی فەڕمانڕەوایی زلهێزەکان لەو ساتەدا بەرامبەر خواستەکانی کورد تەریب نەبوون، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی ئێران کودەتایان بەسەر کۆمارەکەدا کرد بۆ ئەوەی خەونی سەربەخۆیی کورد کۆتایی پێبێنن و، قازی محەمەد و چەند کەسێکی تریان لە سێدارەدا. بەڵام لەو رۆژەوە تا ئێستا ڕۆژ بەڕۆژ ئامانجی سەربەخۆیی لای نەوەکانی کورد گەورەتر و باڵاتر دەبێت.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە دوای ٦٨ ساڵ لە پەند و وانە لە قازی و کۆمارەکەی وەرگرین، دڵسۆزی و راستگۆیی و خۆنەویستیە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و خاکی کوردستان، بە هیوای ئەوەی بتوانین پەیام و دڵسۆزییەکەی قازی بۆ کوردستان و نیشتمانەکەمان پەیڕەو بکەین.
سڵاو لە گیانی پاکی قازی محەمەد و هەمو شەهیدانی کوردستان.
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٣٠-٣-٢٠١٥