سەرۆكایەتی پەرلەمانی و بارزانی به‌شوێن کۆده‌نگی نیشتمانیدا ده‌گه‌ڕێن

ئەمرۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەدیدارێكدا لەگەڵ بارزانی سەبارەت بە پرسی دەستور‌و بابەتی سەرۆكایەتی هەرێمیان تاوتوێكرد.

لەكۆبوونەوەكەدا كە سەڵاحەدین بەڕێوەچوو و هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان، د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پارلەمان و فەخرەدین قادر سكرتێری پارلەمان تێیدا بەشداربوون، بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوو كرا و، ستاییشی قوربانیدان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش كرا لە پاراستنی كوردستان و شكستدانی تیرۆریستان. هەروەها قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و سەركەوتنی هێزە عێراقییەكان لە تكریت كرا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا پرسی دەستوور و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم خرایە بەر باس و، وێڕای ئاماژەدان بەو تەحەدیانەی لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە جەخت كرایەوە كە، پێویستە لە هەموو دۆخێكدا یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان بپارێزرێت.
كۆبوونەوەكە ئەوەیشی دووپات كردەوە كە چارەكردنی كێشەكان پێویستە لە ڕێی كۆدەنگیی نیشتیمانی و ڕەچاوكردنی بنەماكانی یاسا و، بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێت.

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ڕاشیاگەیاند، كە لە هەوڵی بەردەوامدا بن بۆ گەییشتن بە چارەیێكی نیشتیمانی و، بۆ ئەم مەبەستە لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.


سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان راگەیاندنێكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم: تەبایی ناوخۆ، گرەنتی سەرکەوتنمانە.
  ئەمڕۆ یەک شەممە، ٥ی نیسان د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەیاوەری جێگر و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسێکی گشتی سەبارەت بە پرسی  هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی بۆ شاندی پەرلەمان خستە ڕوو، لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا باس لە پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی  کوردستان و پڕۆژە یاسای دەستوور کرا، هەردوو لا تەبابوون کە ئەم پرسانە پێویستە سازانی نیشتمانییان لەسەر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردا لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ بکرێت بۆ درووستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی.
لەتەوەرێکی تری دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسێکی لەبارەی گفتوگۆی فراکسیۆنەکان لەبارەی پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا  کە ئێستا فراکسیۆنەکان لە هەوڵی نزیکبوونەوەدان  بۆ سازانی نیشتمانی، هەمو لایەک بە گیانی تەباییەوە دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
لە کۆتایشدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە  تەبایی ناوخۆمان گرەنتی سەرکەوتنمانە، لەبەر ئەوە پێویستە هەمومان  بە گیانی تەبایی و یەکڕیزییەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.





PM:01:46:05/04/2015