پیرباڵ: پێغەمبەر هێندەی کورد شەڕی بەرامبەر دوژمنەکانی نەکردوە

فەرهاد پیرباڵ پێیوایە مەلا مستەفا بارزانی حەزرەتی موسای كوردانە‌و جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێغەمبەر هێندەی کورد شەڕی بەرامبەر دوژمنەکانی نەکردوە.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو بارزانی چاوی بە نوسەر ‌ومامۆستای زانكۆ فەرهاد پیرباڵ كەوت. پیرباڵ سەربارەت بەو دیدارە بە باسنیوزی راگەیاند:  "من لەو دانیشتنەدا (38)دەقە پێکەوە گفتوگۆمان کرد، لە زۆربەی ئەو بابەتانەی کە گفتوگۆمان لەبارەیانەوە کرد، هاوڕا بووین”.

فەرهاد پیرباڵ، کە دەستی بە گفتوگۆ کردنەکەی کرد، گوتی: "پێم وایە، مەلا مستەفا حەزرەتی موسای کوردانە، مەسەلەی بەراوردکردنی مەلا مستەفا بە حەزرەتی موسا پرسیارێکە ئەمڕۆ لای مەلاکان، من پێم خۆشە یەک بە یەک لەگەڵ مەلاکان دانیشم مەبەستی ئەو قسەیەم بۆیان ڕوون بکەمەوە، کە مەبەستم چییە؟. مەسعود بارزانیش کوری ئەو پیاوەیە”.

فەرهاد پیرباڵ لە درێژەی قسەکانی گوتی: "لە کاتێک دا تەواوی دونیا چاوی بڕیووەتە هەولێر ،بە ئەمەریکا، ڕوسیا، ئەوروپا، داعش و هەموو دوژمنانی مرۆڤایەتیەتیش چاویان بڕیوەتە ئەو پیاوە، هەمووشیان دەیانەوێت بزانن "ئایا بارزانی لەسەر دەسەڵات دەمێنێتەوە یان نا؟” چووم ئاگاداری جەنابی سەرۆکم کردەوە لە مەترسی ئەو بابەتە”.

پیرباڵ لەبارەی بۆچوونەکانی لەبارەی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە بە بارزانی گوتووە، دەڵێت: "بە بارزانیم وت چەند مەترسییە ئەگەر تۆ لە پۆستەکەت نەمێنی، مەترسی نامێنێت لە دونیا، دونیا دەبێتە شامی شەریف ئەگەر تۆ لابچیت یان لا نەچیت لە هەردوو حاڵەت”.

ئەو نوسەرو ڕوناکبیرە دەشڵێت: "تەوەری دیکەی دانیشتنەکەم لەگەڵ بارزانی بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو، لەبارەی مانەوەی لە پۆستەکەی بارزانی دەستی لەسەر ئەژنۆم دانا گوتی: "بۆ من گرنگە بەرپرسیاریەتیی باوکایەتیم هەبێت بەرانبەر میللەتەکەم نەک پلە و پۆست”.

پیرباڵ پێشی وایە:  ”کورد دەبێت و پێوستیشە و زۆریش شایستەیە کاک مەسعود وەک سەرەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ببینێت، وەک باوکێکی رۆحی ئەو میللەتە سەیر بکرێت، دەشمەوێت سەرنجی (رێکخراوی یونسێف) بۆ ئەو مەبەستە ڕابکێشم، کە کاک مەسعود باوکێکی رۆحیی ئەو میللەتەیە”.

پیرباڵ باس لەوەش دەکات: "بارزانی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ناوێت، ئەو نایەوەیت ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بارزانی ئەو نورە خودایییەیە، بابەتێکی دینییە، من ناڵێم کورد دینێکی سەربەخۆی هەیە، بانگەشە بۆ ئەوە ناکەم، بەڵام دینێکی هەیە ڕاستەوخۆ لە نێو مەلا مستەفادا بەشێوەی مێژووی سیاسی خۆی نواندوە، دەنا بە حەقیقەت جەوهەری مەلا مستەفا، جەوهەرێکی نەتەوەیی خودایە، پەیوەندی بە تەسەوفەوە هەیە”.

لەبارەی تەندروستیی بارزانی دەڵێت:  "تەندروستیی بارزانی زۆر باش بوو، بە چاوی دیار بوو کە زۆر باشە، بەبێ عەینەک کتێبەکەی منی خوێندەوە، ئەوە نیشانەیە کە تەندروستیی بارزانی زۆر باشە و زۆر گەش بوو بەڵام ماندوو دیار بوو”.

پیرباڵ بۆچوونیشی وایە: ”کاک مەسعود ئەرکێکی رۆحی هەیە، با هەموو ئومەی عەرەبی بزانێ، کە فەرهاد پیرباڵ بانگەشەی ئەوە دەکات "مەسعود بارزانی ئەرکێکی ئاینی و رۆحی بەرامبەر میللەتەکەی هەیە”، ئەرکی پیاوێکی ئاینی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زەمەن ئەوی بردووەتە ناو سیاسەت و وەک باوکی ناچار بوون چوونەتە نێو سیاسەت، ئەگەر نا مەسەلەی مەلا مستەفا مەسەلەیەکی سیاسی نییە، لای من بە هەموو روناکبیرە عەرەبەکان دەڵێم، بە هەرە گەورەکانیان تا زانکۆی ئەزهەریش، با بێن گفتوگۆ بکەین، بۆچوونی خۆم دەڵێم مناقەشەی دەکەین، من ئەوەم بۆ دەرکەوتووە مەسەلەی مەلا مستەفا مەسەلەیەکی سیاسی نییە، مەسەلەیەکی ئینسانییە، خودایەک ویستوویەتی میللەتێک نەجات بدات”.

پیرباڵ دەڵێت ”دالای لاما کێیە؟ بێ‌زەحمەت یونسێف.. دالای لاما بەقەدەر مەلا مستەفا خەباتی نەکردووە جەنابی یونسێف".

پیربال هەروەها بۆ باسنیوزی ئاشکرا دەکات: ”لەو دانیشتنەدا لەگەڵ بارزانی گەیشتینە سەر هەر نەتەوەیەک کە ڕەمزێکی تایبەت و کولتوری خۆی هەیە، یەکێک لەو بابەتانە قسەمان لەسەر کرد باسی تەیری (هوما) مان کرد، پرسیاری کرد، وەڵامم دایەوە قسەی زۆرمان لەسەر تەیری هوما کرد”.

پیرباڵ، لەبارەی تەیری هوما دەڵێت: ”مێژووەکەی بۆ سەردەمی میدییەکان دەگەڕێتەوە، ئەوە مێژووەکەی کۆنە، پێشم وایە ئەو تەیرەی مەلا مستەفا کردوویەتیە ڕەمزی پارتی "هوما”یە، نابێت بڵێن باز (هەڵۆ)، دەشنووسم ڕەچەڵەکی هوما لە میدیاش کۆنترە بە دڵنیایشەوە توێژینەوەی لەسەر دەکەم”.

پیرباڵ لەبارەی مەسعود بارزانییشەوە دەڵیت: "من پێشتر کە لە نزیکەوە بارزانیم نەدەناسی تەسەورم نەکرد، کە ئەو ڕۆچوونە تەسەوفییە ئینسانییە جوامێرییەی بارزانی ئاشنا نەبووبووم، بەڵام وردە ورد ئەو شتانەم کەشف کرد، ئەمڕۆ ئەو شتە بڵاودەکەمەوە"، وەک خۆی گوتی ”دوای پێنجەمین جار کە من ئەو پیاوە گەورەیەم بینی، کە تیشکێکی خودای کوردانە، ئەو قسانەم لا دروست بێت، نووسەرێکم بەناو فەلسەفەدا ڕۆچووم، بەناو ڕەچەڵەکناسیدا ڕۆچووم، ئەو بینینەم هەیە لەسەر بارزانی، نیازمە بڵاوی بکەمەوە".

پیرباڵ دەشڵێت: "من وا تێدەگەم بارزانی ئەو ڕاستییە نازانێ میللەتی کورد لە ناو خۆشەویستی ئەودا ڕۆچوون، چونکە میللەتی کورد هیچ شتێکی تایبەتی بۆ بارزانی نەکردووە، هەر بەڕای من ئەو تەقدیرە لە خۆشی نەگیراوە، تا ئێستا سیفەتیکی بدرێتی کە شایستەی خۆی بێت، مەبەستم ئەو سیفەتە خواوەندانەیە کە باسم کرد”.

پیرباڵ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: ”ئەگەر پشتگیریی سیاسەتی ئەو پیاوە نەکەین، لە موسڵەوە تا دەگاتە کرماشان، سەرگەردان دەبین، من دەمەوێت کوردستان بەو شێوە بڕوانێتە ئەو پیاوە وەک چۆن من باسم کرد. با وەک پەیامێک بۆ کورد دەستنیشانی بکەین، کە نورەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پشت مەلا مستەفا، مەسەلەیەکی خوداییە، من ڕوو لە میللەتی خۆم دەکەم، دەڵێم بیر لەو مەسەلەیە بکەنەوە، کە چۆن بتوانین باوکێک بۆ نەتەوەکەی خۆمان دروست بکەین، باشترین ڕێگە هەڵبژاردنیەتی لە ڕێگەی جەماوەرەوە".

پیرباڵ لەبارەی عەرەبە سونەکانیشەوە قسەی لەگەڵ بارزانی کردوە لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد: ”بارزانی پێی گوتم ئێستە هێزی سوننە زۆرن لە ناوچەکە، بۆیە نازانرێت لەگەڵ کامیان قسە بکرێت. گوتیشی، ئێمە دەمانەوێت هێزێک بێت بەشێوەی ڕەسمی خۆی بە ئێمە بناسێنێت، تا دانوستانیان لەگەڵ دا بکەین "تەبعەن داعشیش سوننەیە”، مانای وایە ئەگەر داعشیش خۆی وەک هێزێکی سوننە لەگەڵ چەند هێزێکی دیکە بکاتەوە یەک، ئەو کات وەک هێزێکی تیرۆرست نامێنێت”.

پیرباڵ دەشڵیت: "پێغەمبەر، هێندەی کورد شەڕی بەرامبەر دوژمنەکانی نەکردووە، هێندە کورد کردویەتی، پێوستە ڕێز لە بارزانی بگیرێت لەبارەی دینی و سیاسی و خواپەرستیشەوە، بارزانی دەگەڕێت، ماڵە شەهیدەکان، منداڵە شەهیدەکان لە باوەش دەگرێت. باسی پێغەمبەر دەکەن دەڵێن پشیلەی ماچ کردووە و ئاوی پێ داوە، لە هەموو بارێکەوە ئەو شتانە بەیەکترەوە گرێدراون، پرسی کورد و خەباتی کورد موقەددەسن، بەمانای وشەی خوداوەندان، ئەو قسانەم بە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوت”.

فەرهاد پیرباڵ زیاتر لەبارەی بیری تەسەوفی بارزانییەوە دەڵێت: ”لەباری تەفکیر و تەسەوەف، تێگەیشتنی تەسەوەفکارانەشمان لەگەڵ کاک مەسعودی وەک یەکە، گوتی منیش لەگەڵتم پێم خۆشە پیاوێکی گەورە، بەقەدەر ڕوناکبیرێک نا، زیاتریش وەک خوداوەندانە، هەم خۆی لە ناو سیستەمە خوداوەندانەکە دایە، هەم هۆشیارە، کە خۆی لە ناو سیستەمەکە دەبێت دەوری هەبێت، قورسە تۆ بتوانی لە ناو سیستەمەکەش بیت، ئەوەتا دەیبینن لە سەنگەرەکانە، دەچێتە ماڵە شەهیدان، ئەمڕۆ دیتم پێشوازی لە نوسەرێک دەکات، لە پەرلەمان دەکات، بەڵام هۆشیارە بە سیستەمە خوداوەندەییەکەیەوە، زیاتر سیاسەت بۆ ئەو پیاوە ناچارییە، لەبەر ئەوەی باوکی لە کاتی خۆی منداڵ بووە پێشمەرگە بووە، چەکی داوەتە دەست، بووەتە پێشمەرگە، ئەگەر نا خۆی تیشکێکی خوداوەندانەیە، ئەرکێکی خوداوەندانەی هەیە، باسی دالای لامامام کرد پیرۆزە، بەڵی بارزانی پیرۆزە، بەو مانایە دەڵێم پیرۆز، بڵاو دەبێتەوە. فەرهاد گەیشتە ئەوەی بڵێ ئەو پیاوە سیاسەتی ناوێت، با بێت نە لە پەرلەمان، نە لە چایخانە، با هەڵبژاردن بۆ بکرێت، بەڕای من ئەسڵەن لە پەرلەمان گفتوگۆ نەکرێت".

فەرهاد پیرباڵ دەشڵێت: ”ئەگەر کورد باوەڕی بەوە هەیە لە ڕێگەی جەنابی سەرۆکەوە گرێدراوی ئەو خودایەین، من وای تێدەگەم، هەتا جەنابی سەرۆک لە ژیاندا مابێت، کورد لە ئارامی، لە خۆشیدایە، ئەگەر بە رێبەرایەتیی ئەو ئێمە بجوڵێینەوە، من لەو دانیشتنە ئەوەم لە چاوی سەرۆک بینی، کە خوا لە پشت گەلی کوردەوەیە، یەک کورد نەترسێت، چونکە من لە ناوچاوی سەرۆک ئەوەم بینی، کە کورد لە ئەماندا دەبیت، بەڵام لە دەستی ئەو بێتە دەرەوە، نە من بەرپرسم، نە منیش بە درۆ بخەنەوە، بەڵام ئەوە قسەی منە، هەتا قەترەیەک خوێن لە ژیانی ئەو پیاوە بێت، رێبەرایەتیمان بکات، ئێمە سەلامەتین یان بە ڕاوێژکردنی ئەوبێت، با بارزانی باوکمان بێت، پرسیاری لێ بکەین، ئەوجا کێ دەبێتە سەرۆک حکوومەت، ئەوانە کێشەی زەمینین چارەسەر دەبن. کورد گەلێکە خوا هومایەکی بۆ ناردوە لەسەر سەری مەلا مستەفا نیشتوەتەوە”.



PM:02:51:06/04/2015