"پارتی ئەو حیزبە نیە بیانەوێت بە ئاسانی پەراوێزی بخەن"

بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بە گوێرەی ئەو دابەشكردنەی لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە لە نێوان یەكێتی و گۆڕان و لیستی خزمەت ئەنجام دراوە، هیچ پۆستێك نەماوەتەوە تا پارتی داوای بكات، بۆیە پارتییش ئەو حزبە نییە بە ئاسانی بیانەوێت پەراوێزی بخەن.

بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی ڕاگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی لایەنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان لەگەڵ لیستی خزمەت لەسەر دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەیجە ڕێك كەوتوون، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی داوا لە پارتیی دیموكراتی كوردستان نەكراوە ناوی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستە ئیدارییەكان ڕەوانەی وەزارتی ناوخۆ بكەن، چونكە هیچ پۆستێك نەماوەتەوە تا پارتی داوای بكات".

وتیشی: "لەم چەند ڕۆژانەدا بە تەلەفۆن داوامان لێ كراوە ناوی چوار ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە ڕەوانە بكەین، بەڵام ئێمە بە باشمان زانی ئەو ناوانەیش نەنێرین تا ئەو كاتەی بزانین ئاخۆ تا كەی ئەوان سوورن لەسەر پەراوێزخستنی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە، چونكە پارتیی دیموكراتی كوردستان ئەو حزبە نییە بە ئاسانی بتوانرێت پەراوێز بخرێت".

بەرپرسی لقی 12-ی پارتی دەشڵێت: "ئێمە ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستانمان لە بەرچاو گرتووە، بۆیە لە داهاتوودا هەڵویستی خۆمان دەبێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو هەڵویستانەی كە دەیانەوێت پارتی پەراوێز بخەن".



PM:04:46:09/04/2015