"مانەوەی بارزانی لەدەسەڵات چ مانایەك بۆ دیموكراسی دێڵێتەوە"

هۆشیار عەبدوڵا ڕایدەگەیەنێ، لەژێر هیچ پاساوێكدا دەرفەت نەماوە بۆ بەردەوامبونی بارزانی  لەپۆستەكەی، دەشڵێ، ڕۆیشتنی بارزانی نەك تەنها بۆ پرۆسەی دیموكراسی لەكوردستان بەڵكو بەقازانجی خودی بارزانی و پارتیشە.

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسینێكی بڵاوكردۆتەوە لەژێر ناوی (بڕۆ)، تیایدا دەڵێت، گرنگترین پایەو بنەمای دیمكراسی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە، گەر ئەو بنەمایەش لەسەر زەمینی واقیع نەچەسپێ‌، ئەوا هەڵبژاردن و فرەیی و قسەكردن لەدیموكراسی، هیچ بەهایەكیان نابێت.

لەبەشێكی تری نوسینكەیدا، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێ‌، دوای زیاتر لە 10 ساڵ سەرۆكایەتی هەرێم، قسەی ڕاشكاوانەو بێ ئەملاو ئەولا ئەوەیە، لەژێر هیچ پاساوێكدا، نە بەیاسا و نە بەدەستور ، بارزانی نەتوانێت نەك خولێك، بۆ نیو خولی دیكەش لەپۆستەكەی بەردەوامبێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وتووە، گەر دەستور دابنرێت، وەك دەوترێت، ئەوە 10 ساڵی ڕابردووی حوكمی بارزانی حساب ناكرێت و بۆی هەیە تا هەشت ساڵی تر لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، پرسیاری ئەوەش دەكات، دوای 20 ساڵ مانەوە لەكورسی دەسەڵات چ مانەیەك بۆ دیموكراسی دەمێنێتەوە.

بەئەركی هەموانیشی دەزانێت بەگشتی و ئەوانەی بارزانیان خۆشدەوێت بەتایبەتی، پێبلێن، كورسیەكەی جێبهیڵێت، تا مانایەك بۆ پرۆسەی دیموكراسی لەهەرێمی كوردستان بمێنێتەوە،  ڕەخنەش لەسەردانیكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگرێت بۆ لای حزبە سیاسەكان و دەڵێ، ئەوەی دەیكەن، زاڵكردنی ئیرادەی سیاسیەكانە بەسەر ویستی خەڵك، مەترسی ئەوەش ناشارێتەوە، كە ڕەنگە ئەو سەردانانە تەنها بۆ هێشتنەوەی بارزانی بێت لەپۆستەكەی، نەك بۆ قسەكردن لەسەر پرسی دەستور و یاسا.

هۆشیار عەبدوڵا، داواش لەوانە دەكات خۆیان بەدڵسۆزی پارتی و بارزانی دەزانن دوای لێبكەن كورسسیەكەی جێبهێڵت، چونكە ئەو هەنگاوە نەك هەر لەبەرژوەندی پرۆسەی دیمكراسی لەهەرێم، بەڵكو لەبەرژوەندی خودی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.



PM:01:35:12/04/2015