دادگای هەولێر پەرلەمانتارێكی بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزادا

‌پەرلەمانتار شێركۆ حەمەئەمین
دادگای بەرایی هەولێر پەرلەمانتارێك فراكسیۆنی گۆڕان، شێركۆ حەمە ئەمینی بە بڕی 10 ملیۆن دینار سزادا، بە بێ ئەوەی خۆی ئامادەی كۆبوونەوەی دادگا بێت.

بەپێی یاداشتێك كە شێركۆ حەمەئەمین ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی كردوە‌و وێنەیەكی دەست سپی میدیا كەوتوە، لەسەر سكاڵایەكی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین، دادگای بەرایی هەولێر بڕی (10 ملیۆن) دینار سزای بەسەردا سەپاندوە.

هۆكاری سكاڵای سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین وەك لە نوسراوەكەدا هاتوە دەگەڕێتەوە بۆ كۆبونەوەیەك كە رۆژی (2/12/2014) لەنێوان ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوە‌و لە كۆبونەوەكەدا گرژی كەوتوەتە نێوان سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین‌و پەرلەمانتار شێركۆ حەمەئەمین.

لە نوسراوەكەدا پەرلەمانتار شێركۆ حەمەئەمین دەڵێت"لە كۆلیژی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین بەشی میكانیك هەڵبژاردن كراوە، دو مامۆستا كاندیدبون، یەكێكیان 20 دەنگی بەدەستهێناوە‌و ئەوی تر 15 دەنگ، سەرۆكی زانكۆ فەرمانی سەرۆك بەشی بۆ ئەو كاندیدەیان دەركردوە كە 15 دەنگەكەی هێناوە".

ئاماژەبەوەشدەكات، بەهۆی ئەم بڕیارەوە مامۆستایان‌و خوێندكاران مانیان گرتوە‌و ئەو وەك ئەندامی لیژنەی پەروەردە‌و خوێندنی باڵا‌و بۆ "بەجێهێنانی ئەركی" گشتی چوەتەناو بابەتەكە‌و بەرگری لە كاندیدە سەركەوتوەكە كردوە‌و بە سەرۆكی زانكۆی وتوە"تاكڕەویت كردوە لەم بڕیارەدا".

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سپی میدیا شێركۆ حەمەئەمین رایگەیاند، تانەی لەو بڕیارەی دادگای بەرایی هەولێرداوە‌و بەڵگەی هەیە كە ئەو لەو كۆبونەوەیەدا سوكایەتی نەكردوە‌و سەرباری ئەمەش بەشداریكردنی لە كۆبونەوەكە بە نوێنەرایەتی خەڵك‌و وەك پەرلەمانتارێك بوە.
وتیشی: ئەم بڕیارەی دادگای بەرایی هەولێر سەرەتایەكی خراپە بۆ رێگریكردن لە كاری پەرلەمانی لە رێگەی دادگاوە‌و سەرباری ئەمەش كۆی سیستەمی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە.



AM:11:42:22/04/2015