زیاتر لە 50 كوردی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگاریان بوو

لەماوەی شەوو رۆژی رابردوودا 53 هاوڵاتی كوردی ئێزیدی لەسنوری پارێزگای موسڵ لەژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگاریان بووە‌و گەیشتونەتە ناوچە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

لەمبارەیەوە حسێن كۆرۆ، به‌رپرسی نووسینگه‌ی‌ ئێزدییه‌ ڕفێنراوه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، به كەناڵی ‌ KNNی‌ راگه‌یاند: به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ له‌ میحوه‌ری‌ كه‌سكێ‌، 43 هاوڵاتی‌ ئێزدیی‌ له‌ ده‌ست تیرۆریستانی‌ داعش، رزگاریان بوه‌ كه‌ زۆرینه‌یان منداڵن.

وتیشی‌ "شه‌وی‌ رابردوو 10 له‌ هاوڵاتییه‌ ئێزدییه‌ ڕفێنراوه‌كان، ڕزگاریان بوه‌ ‌و خۆیان ڕاده‌ست پێشمه‌رگه‌ كردوه‌ كه‌ له‌ 2 ژن‌و 2 پیاو‌و 6 منداڵ پێكهاتون‌و به‌وه‌ش ژماره‌ی‌ ئیزدییه‌ رزگاربوه‌كان له‌ 24 كاتژمێری‌ رابردوودا گه‌یشته‌ 53 كه‌س".  

ناوبراو ڕایشیگه‌یاند: تائێستا  زیاتر له‌ هه‌زار‌و 500 هاوڵاتیی‌ ئێزدی‌ له‌ ده‌ست داعش ڕزگاریان بوه‌‌و زیاتر له‌ 3 هه‌زاری‌ تریان له‌ ژێر ده‌ستی‌ داعش ماون‌و هه‌وڵه‌كان بۆ رزگار كردنیان به‌رده‌وامن.



PM:02:03:26/04/2015