شیوعی: بەم لیژنە 21 كەسییە پرسی دەستور بە لاڕێدا دەبرێت

‌ئەبو كاروان
سەرۆكی فراكسیۆنی حیزبی شیوعی لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە كۆبوونەوەی ئەمرۆ بووە جێگای ملمڵانێی حیزبەكان‌و "بەم لیژنەیەش پرسی دەستور بە لاڕێدا دەبڕێت".

ئەبو كاروان، سەرۆكی فراكسیۆنی حیزبی شیوعی كوردستان لە پەرلەمان سەبارەت بە رێكەوتنی كوتلە گەورەكانی پەرلەمان لەسەر ئەو لیژنە 21 كەسییەی بۆ پرسی دەستور دانراوە، تایبەت بە سپی میدیا رایگەیاند: كۆبوونەوەی ئەمرۆ دیسان وەك كۆبوونەوەكانی دیكە ئەنجامی نەبوو  و هیچ رێكەوتنێك نەكرا. لە راستیدا كۆبوونەوەی ئەمرۆ بوو بە شوێنی ململانێی حیزبەكان كە بەمەش ئێمە نابینە خاوەنی دەستور.

سەبارەت بەوەی كە لەو لیژنەدا شیوعی‌و سێ لایەنی دیكە (بزوتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست‌و ئاراستەی سێیەم) یەك كورسییان پێدراوە ئەبوكاروان وتی "لەگەڵ ئەو جۆرە دابەش كردنە نیم‌و با بێن ئەو كورسیە لەنێوان ئەو چوار لایەنە دابەش بكەن".

ئەمرۆ لەكۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، رێكەوتن لەسەر لیژنەیەكی 21 كەسی بۆ پرسی دەستور كە لەو لیژنەیەدا پارتی 7 كورسی، گۆڕان 5 كورسی، یەكێتی 3 كورسی، یەكگرتوو 2 كورسی، كۆمەڵ 1 كورسی، كلدوئاشوری 1 كورسی، توركمان 1 كورسی‌و هەر چوار حیزبەكەی تریش (شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست‌و ئاراستەی سێیەم) 1 كورسییان بەردەكەوێت.



PM:02:23:04/05/2015