گۆڕان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کورسیەکی لیژنەی دەستوری بدات بە یەکێتی

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە لە پشکی خۆی لەو ٥ کورسیەی لە لیژنەی داڕشتنی دەستور بەری کەوتووە، دانەیەک بدەن بە یەكێتی.

رابوون مەعروف لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی میدیا رایگەیاند : ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستیەوە کە ئێمە لە پشکی خۆمان کورسیەک بدەین بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان پابەند بەو رێککەوتنەی کە لەکۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەپەرلەمانی کوردستان رێککەوتن لەسەری و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا راگەیەنرا.

ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی ٢١ کورسیەکە کە پارتی 7 كورسی، گۆڕان 5 كورسی، یەكێتی 3 كورسی، یەكگرتوو 2 كورسی، كۆمەڵ 1 كورسی، كلدوئاشوری 1 كورسی، توركمان 1 كورسی‌و هەر چوار حیزبەكەی تریش (شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، سوشیالیست‌و ئاراستەی سێیەم) 1 كورسییان بەردەكەوێت. 

دواتر لەچەند ماڵپەڕێکدا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گۆڕان کورسییەکی خۆی لە لیژنەی ئامادەکردنی دەستور دەدات بە یەکێتی. 





PM:09:15:04/05/2015