سوپای عێراق لە رۆمادی ژمارەیەكی زۆر چەك‌و تەقەمەنی بۆ داعش بەجێهشتووە

وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند كە هێزەكانی سوپای عێراق، ژمارەیەكی زۆر چەك‌و تەقەمەنی لەكاتی پاشەكشەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو لەشاری رۆمادی بەجێهشتووە‌و هەموو ئەو چەكانە كەوتوونەتە دەست داعش.

بەپێی بەیاننامەیەكی پنتاگۆن، ژمارەیەك زۆر تانك، تۆپخانە، ئۆتۆمبیلی سەربازیی هەمەر ئەو جۆرە چەكانەن كە لە رۆمادی كەوتوونەتە دەست داعش.
پێشتریش لەكاتی داگیركردنی موسڵ، سوپای عێراق ژمارەیەك زۆر چەك‌و تەقەمەنی بۆ داعش بەجێهشت‌و بەمەش هێز‌و توانای شەڕكردنی داعش چەند ئەوەندە بووەوە. بەوتەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئەو سیناریۆیەی لەموسڵ روویدا، ئێستا لە رۆمادی جارێكی دیكە دووپات بووەتە.
پنتاگۆن لە بەیاننامەكەی خۆیدا دەڵێت كە سوپای عێراق 6 تانك، 6 تۆپخانەی قورس، دەیان زرێپۆش، نزیكەی 100 ئۆتۆمبیلی سەربازیی هەمەر‌و، لەهەمووی مەترسیدارتر ژمارەیەكی زۆر‌و نادیار فیشەك‌و تەقەمەنی لەرۆمادی بەجێهشتووە‌و كەوتووەتە دەست داعش.



PM:04:10:20/05/2015