كه‌مال كه‌ركوكی وته‌كانی ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم به‌رز دەنرخێنێت

‌ئه‌ردۆغان
كەمال كەركوكی به‌رپرسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان لەمیحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركوك وته‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم به‌رز دەنرخێنێت‌و سوپاسی دەكات.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە‌میانی به‌شداریكردنی له‌ یادی ٢٤ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی ئازادی كوردستان "پاك" كه‌ له‌ ئێران چالاكییه‌كانی خۆی به‌رده‌وامی پێده‌دات، كه‌مال كه‌ركوكی‌ به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوای كه‌ركوكی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی سیاسی و ئابووری و یاسایی و دیپلۆماتی و سه‌ربازییه‌وه‌ بوونی خۆی سه‌لماندووه‌ و دروست كردنی ده‌وڵه‌تێكی كوردیشی به‌ مافی ره‌وای كورد زانی.

كه‌ركوكی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "له‌ ئێستادا سوپای عیراق توانای به‌رگریكردنی له‌ خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر حوكمڕانیدا نه‌ماوه‌، ته‌نیا هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌دژی داعش ده‌جه‌نگێت و له‌ناوچه‌كه‌ی خۆی دووریخستۆته‌وه‌". 

له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا، كه‌مال كه‌ركوكی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووری و سیاسی به‌هێزی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌ و وته‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیای‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم به‌رز نرخاند و به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی به‌نرخی وه‌سف كرد. 

كه‌ركوكی وتی: "ئه‌ردۆغان كاتێك ده‌ڵێت پرسی جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێم، پرسێكی عیراقیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌ عیراقدا رووبدا ئه‌وا كێشه‌یه‌كی نێوخۆییه‌، ئه‌مه‌ وته‌یه‌كی باشه‌ و سوپاسی ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و وته‌یه‌ی".
وتیشی‌: "هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیه‌كی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو دراوسێكانیدا به‌تایبه‌ت توركیا، كه‌ هیوادارین ئه‌و هاریكاریه‌شمان به‌رده‌وامی هه‌بیت".



PM:05:25:23/05/2015