ئارام شێخ محەمەد بۆ عەبادی: واز لەدانان بە وەکالەت بهێنە

بەهۆی بەردەوامبونی لەسەر دامەزراندنی بەرپرسان بە وەكالەت، ئارام شێخ محەمەد رەخنە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگرێت و داوای لێدەكات كۆتایی بەو دۆسیەیە بهێنێت و پرۆسەی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكاندا لەبەرچاوبگرێت.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە وەك دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی وەزیران-مان ئاگادار نەكردوەتەوە لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكان بە وەكالەت، بەڵام بەشێوەیەكی مەبدەئی هانی ئەوە دەدەین پۆستەكان بە تەواوەتی پڕبكرێنەوە".

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەشی بەوەدا، كاتێك كە پەرلەمان دەنگی بە كاندیدەكانی سەرۆكی حكومەت بۆ هەردو پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری نەدا، د. حەیدەر داوای مۆڵەتی كرد بۆئەوەی رێكەوتنیان لەسەر بكرێت، هۆشداریشی دا لەوەی ئەو پۆستانە بە وەكالەت بەڕێوەببرێن و پێیوابو ئەوە هەڵەیەكی گەورەیەو بەرپرسیاریەتی دواكەوتنی دەنگدان لەسەر ئەو دو كاندیدەی خستە ئەستۆی پەرلەمان، بۆیە ئێستا پێویستە  خۆی ئەوەی پێشتر وتویەتی جێبەجێ بكات بەوپێیەی سەرۆك وەزیرانەو بەرپرسە لە پرۆسەی هاوسەنگی.

لەو لێدوانە رۆژنامەوانیەدا ئارام شێخ محەمەد داواشیكردوە "ئەو دۆسیانە بە پێشكەشكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستەكان لەلایەن كوتلەكانەوە كۆتایی پێبهێندرێت تا دواتر ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت بە رۆڵی چاودێریكردنی ئەو دەزگاو دەستە سەربەخۆیانە هەستێت".

هاوكات تەئكیدی لە چەسپاندنی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق كردوەتەوە، كە یەكێكە لە خاڵەكانی ناو رێكەوتنی كوتلە سیاسیەكان و لەو رێكەوتنە سیاسیەشدا جێی كراوەتەوە كە پێش پێكهێنانی حكومەت مۆركراوەو پێویستە هەمولایەك پێوەی پابەندبن.
لە چەند مانگی رابوردودا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند فەرمانێكی دیوانی دەركردوە بۆ دامەزراندن و گۆڕینی بەرپرسەكان لە پۆستەكانداو كۆتا فەرمانیشی رۆژی سێشەممەی رابوردو دەركرد بۆ حوسەین سوڵتانی و رایسپاردوە بە سەرۆكایەتیكردنی دامەزراوەی زیندانیە سیاسییەكان بە وەكالەت دوای ئەوەی كە كۆتایی بە كاری محەمەد شیاع سودانی هێنا، كە ئەویش بە وەكالەت پۆستەكەی بەڕێوەدەبرد.

لە مانگی نیسانی رابوردوشدا نوسینگەی عەبادی، خالید عەتیەی راسپارد بۆ ئەوەی بە وەكالەت سەرۆكایەتی دەستەی حەج و عومرە بەڕێوەببات، لە مانگی شوباتی رابوردوشدا عەلا عەبدولساحیب حوسەین-ی راسپارد بۆ سەرۆكایەتیكردنی دیوانی وەقفی شیعە بە وەكالەت و پێش ئەویش زیكرا عەلوش بە وەكالەت كرا بە ئەمینداری شاری بەغدا.



AM:09:57:05/06/2015