كۆنفرانسێك تایبەت بە ئێران‌و كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوچوو

لە سەر بانگهێشتی كۆمیتەی رۆژهەڵاتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان(KNK) و گروپی چەپی پارلمانی ئەوروپا، رۆژی 4-6-2015 لە پارلمانی ئەروپا كۆنفرانسێك بەڕێوە.


پانێلی یەكەمی كۆنفرانسەكە تەرخان كرابوو بۆ چالاكانی سیاسی لە گەلانی دیكەی ئێران. كە بریتین بون لە عەرەب، ئازەری، بەلوچ، فارس، یارسان، گیلەك و كورد. لەم بەشەدا هەر كام لە بەشداربووان لە روانگەی خۆیان روداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاو توێ كرد. تا رادەیەكی زۆر بوچونەكان لە یەكتر نزیك بوون. هەمویان پێداگرییان لە سەر دێمۆكراتیزە كردنی كۆمەڵگا، بە رەسمیەت ناسینی مافی گەلان، دابینكردنی بژێوی ژیانی خەڵك، عەداڵەتی كۆمەڵایەتی، كە پیادە نەكردنی ئەو مافانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ گەلان، ریشەی سەرەكی كێشەكانی ئەم ناوەچەیەیە. هەموشیان ئەزمونی رۆژئاوای كوردستانیان بەرز نرخاند وەكوو نمونەیەكی سەركەوتو.

بەشی دوهەمی پانیڵەكە تەرخان كرابوو بۆ حزب و رێكخراوەكان. لەم بەشەدا نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان، پژاك، نوێنەری یارسانەكان و ... بەشدار بوون. خاڵی جەوهەری وتەكانی ئەمانیش پیداگریكردن بوون لە سەر دێمۆكراتیزە كردنی كۆمەڵگا و هەولدان بۆ دابینكردنی بەختەوەری بۆ كۆمەڵگا. هەروەها هاوكاری لەگەڵ حزب و رێكخراوە پێشكەوتنخوازەكان.

بەڕێوەبەرانی كۆنفرانس‌ ئاماژەیان بەوەدا كە قسە و باس و خواستەكانی ئەم كۆنفرانسە دەگاتە دەستی گروپی چەپی پارلمانی ئەوروپا و ئەوانیش دەیگەیەنن بە پارلمانی ئەروپا. نوێنەری گروپی چەپی پارلمانی ئەروپا بەشداری كۆنفرانسەكە بوو و وتەیەكی پێشكەش كرد و بە گەشبینییەوە باسی كۆنفرانسەكەی كرد.

لە كۆتاییشدا چەند خاڵ وەكوو ئامانج و داواكاری كۆبونەوەكە دیاری كران، كە ئەمەش رەوانەی پارلمانی ئەوروپا دەكرێت.
پێكهاتنی بەرەیەك بۆ گەلانی ئێران دژ بە رژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ نەهێشتنی:
سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئێعدام و كوشت و بڕ لە ئێران
بنەبڕ كردنی دیاردەی ئێعتیاد كە رژیم بۆ خۆی پەرەی پێدەدات.
ناساندنی رژیمی ئیسلامی ئێران بە پارلمانی ئەوروپا وەكوو قڕكەری كولتور و بنەما كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەكان و هۆكاری گۆڕینی دێمۆگرافیای گەلان.



PM:04:10:05/06/2015