بەپەلە.. بریندارێکی تەقینەوەکانی ئامەد شەهیدبوو

لەئەنجامی دوو تەقینەوە لە ئاهەنگی جەماوەری هەدەپە لەشاری ئامەد 20 هاوڵاتی برینداربوون‌و كەمێك پێش ئێستا یەكێك لە بریندارەكان لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئێوارەی ئەمرۆ لە ئاهەنگی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هەدەپەدا لە ئامەدی باکووری کوردستان ، دوو بۆمبی چێندرا و تەقێندرانەوە ، بۆمبی یەکەم لە گەرەکی ئۆفیس تەقیەوە و ئەوەی دووەمنیش لەناو سندوقی کارەبا لەنزیک شوێنی ئاهەنگەکە تەقیەوە. لەئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا دەیان هاوڵاتی برینداربوون و یەکێکیش لەبریندارەکان شەهیدبوو.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە  محەمەد مەزین ئۆغلو وەزیری تەندروستی تورکیایش راگەیاند کە  لەو تەقینەوەیەدا  زیاتر لە 50 هاوڵاتی برینداربووە.

شایەنی باسە ، تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاری خۆی لەو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە و  لێکۆلێنەوەش لەشوێنی رووداوەکە بەردەوامە.



PM:09:30:05/06/2015