سەرۆك كۆماری تونس باری نائاسایی راگەیاند

محەمەد باجی قائید سەبسی سەرۆک کۆماری تونس بڕیاری باری نائاسایی لە وڵاتەكەی راگەیاند بە هۆی ئەو هێرشەی هەفتەی رابردوو تێیدا ژمارەیەك گەشتیار كوژران.

ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە تونسدا، دەسەڵاتی زیاتر دەدات بە هێزەکانی پۆلیس و سوپا کە ڕێگری بکەن لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین، هەروها ڕیگە دەدات بە سوپا لە شارەکاندا بڵاوببێتەوە.

ئەو بڕیارەی حکومەتی تونس لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو چەکدارێک بە جلوبەرگی گەشتیارەوە لە ڕێگەی چەکێکی کڵاشینکۆفەوە ٣٨ گەشتیاری کوشت کە لەسەر قەراغ دەریاو لە نزیک ئوتێل ئەمیریال مەرحەبا لە ناوچەی گەشتیاری سوسە بۆ کات بەسەر بردن هاتبوونە دەرەوە.

هێرشەکە بە خراپترین هێرشی چەکداری بۆ سەر گەشتیاران دادەنرێت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، لە کاتێکدا تونس بە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ دادەنرێت بۆ ئەوروپییەکان.



PM:05:55:04/07/2015