"یەکێتی ئامادەنییە لەبەر "پارتی" لە جەماوەر دووربکەوێتەوە"

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەلا بەختیار دەڵێت: بێگومان یەكێتیی جارێكی تر ئامادە نییە، لەپێناو پەیوەندی دوو قۆڵی، لەبەشێكی بەرچاوی جەماوەرەكەی‌و رای گشتی دوور بكەوینەوە.

لە کۆبوونەوەی پێش نیوەڕۆی 7/8 لەگەڵ جۆزیف پینینگتۆن، كونسوڵی گشتی ئەمریكاو وەفدێكی هاوڕێی کە چەندین پرسی تێدا باسکرا، مەلا بەختیار پرسی سەرۆکی هەرێم وتی: هەر كاتێك زانیمان دوا بڕیاری هێزو لایەنە سیاسییەكان، سەبارەت بەسازان، رەزامەندی گەلەكەمانی لەسەرە، ئەوكاتە سەركردایەتی یەكێتیی بۆ دوابڕیار كۆدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوەشەوە بوو، ئەوا بێگومان یەكێتیی جارێكی تر ئامادە نییە، لەپێناو پەیوەندی دوو قۆڵی، لەبەشێكی بەرچاوی جەماوەرەكەی‌و رای گشتی دوور بكەوینەوە. 

هەروەها مەلا بەختیار وتیشی : بەپارتیمان وتووە، بەدوو قۆڵی، 30 ی حوزەیران لەبەرئەوەی هەلومەرجەكە سەراپا گۆڕدراوە، دووبارە ناكەینەوە.

بەئاماژەكردن بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی یەكێتیی لەگەڵ حزب‌و لایەنە سیاسییەكان، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئەوەی خستەڕوو كە یەكێتیی چاوەڕوانی بڕیاری دوا سەرەنجامەكانی كۆبوونەوەكان دەكات و ئەمڕۆش ٧/٩ ئەو حیزبە دەست دەکات بە ژمارەیەک کۆبوونەوە لە پێششیانەوە سەردانی گۆڕان دەکات.



AM:09:43:09/07/2015