یەكێتی داوای سازدان دەکات

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان عیماد ئەحمەد لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بارودۆخی هەرێم بە هەلومەرجێکی هەستیاردا دەڕوات و داوای سازان لەگەڵ سەرچەم لایەنەکان دەکات.

ئەو راگەیاندراوە کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە بۆ گەیشتن بەسازان یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەیە هەموو توانایەكی خۆی بخاتە كار بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆببێتەوە، هاوكات كارئاسانی پێویستیش بكات بۆ ئەوەی لایەنەكانی تریش بەكۆبونەوەو گفتوگۆ بگەنە رێكەوتنێكی هاوبەش  بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێك بۆ  جێبەجێكردنی ئەركی پەرلەمان لەم روەوە. 

راگەیەندراوێك لە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان 

كوردستان ئێستا بەهەلومەرجێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لەئاستی دەرەوە، ناوچەكە لەگۆڕان و هەژانێكی گەورەدایە، كاریگەری ئەو دۆخە بۆسەر هەرێمی كوردستان دیارو بەرجەستەیە، لەئاستی ناوخۆشدا لەپاڵ دەسكەوت و هەنگاوی گرنگدا، لەم ساتەوەختە هەستیارەدا كوردستان روبەڕوی قەیران و كێشەی جیدی بۆتەوە، شەڕی تیرۆرستانی داعش، پەیوەندی نێوان بەغداو هەرێم، بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی ئیتحادی و لێكەوتەكانی بەسەر دۆخی دارایی هەرێم و بژێوی و كاروكاسبی هاوڵاتیان و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران و پێویستی چاكسازی و گەشەپێدانی دامودەزگاكان، جگە لەمانەش هاتنەپێشی پرسی قانونی سەرۆكایەتی و هەرێم و بۆچونی جیاوازی هێزە سیاسیەكان سەبارەت بەچۆنیەتی هەمواركردنەوەی، تارمایی قەیرانێكی تری سیاسیە لەكوردستاندا.
لەم قۆناغە هەستیارەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كوردستان پێی وایە:
بۆ روبەرٍِوبونەوەی ئەم دۆخە تازەیە، كوردستان پێویستی بەیەكریزی راستەقینەی نەك هەموو هێزە سیاسیەكان، بەڵكو كۆمەڵانی خەڵكیش هەیە، بۆ ئەوەی بە بەرپرسیارێتی هاوبەش ئەم قۆناغە تێبپەرێندرێت و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەقازانجی گەلی كوردستان بشكێنەوە، بۆیە تەئكید لەپاراستنی یەكریزی هەموو هێزەكان دەكاتەوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بایەخێكی زۆرەوە دەڕوانێتە دەرەنجامی هەڵبژاردنی7ی حوزەیرانی  پەرلەمانی توركیا كەتیادا HDP  توانی بەربەستی 10% ببڕێت، یەكێتی بڕواشی وایە ئەو نەخشە سیاسیە تازەیە لەوڵاتی توركیای دراوسێ كاریگەری باشی بەسەر پرۆسەی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێگەی گەلی كورد دەبێت، خوازیارو هاوكاریش دەبێت بۆ ئەوەی دەرەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە بەم ئاراستەیەدا بڕوات.
یەكێتیی سەركەوتنی شەرڤانانی رۆژئاوا لەشەڕی تیرۆرستانی داعش و پاشەكشە پێكردنیان لەچەندین شارو ناوچەی ستراتیژیدا بەدەسكەوتی گەورە دەزانێت  و پشتیوانی خۆشی بۆ شەرڤانان دوپاتدەكاتەوە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەجەنگی دژ بەتیرۆرستانی داعش لەسەرجەم بەرەكاندا نەك بەگرنگ بەڵكو چارەنوسازیش دادەنێت و وێرای دەستخۆشی لەهێزی پێشمەرگە، پشتیوانی خۆشی بۆ ئەو هێزە نیشتمانی  و كورد پەروەرە دوپاتدەكاتەوە بۆ بەرگری لەكوردستان و نەتەوەو دین و مەزهەبە جیاوازەكان، هاوكات سەری رێزیش بۆ رۆحی شەهیدان و كەسوكاریان دادەنەوێنێت.
سەبارەت بەپەیوەندی نێوان بەغدا هەرێم یەكێتیی لایەنگری گفتوگۆو چارەسەركردنی كێشەكانە بەلێكگەیشتن، بڕینی بودجەی هەرێم و مووچەو قوتی خەڵك و فەرمانبەرانیش بەهەموو شێوەیەك رەتدەكاتەوەو بڕوای وایە بەكارهێنانی بودجەو هەوڵدان بۆ برسیكردنی خەڵك بەمەبەستی دەسكەوتی سیاسی قابیلی قبوڵكردن نییە، سەرەڕای بوونی قورسایی ئاوارەی زۆری ناوچەكانی تری عیراق. هاوكات حكومەتی هەرێمیش ئیلتزامی خۆی بەرامبەر بەغدا بەپێی دەستور و رێكەوتنەكان جێبەجێ بكات و هەوڵبدرێت گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە بەشێوەیەك بەدەرنجامی ئیجابی بگەن بۆ هەردولا .
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كوردستان كاردەكات و داوادەكات كەحكومەتی ئیتحادی عیراق ئیلتیزامی دارایی و سەربازی خۆی بەرامبەر هێزی پێشمەرگە لەدەرەوەی ناكۆكی و ململانێی سیاسی جێبەجێ بكات، چونكە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بەتوانایەكی دارایی و سەربازی كەمەوە دیارو بەرجەستەیە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا یەكێتیی نیشتمانی كوردستان پێزانینی زۆری خۆی بۆ هاوپشتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان لەجەنگی دژ بەداعش دوپاتدەكاتەوە، خوازیاریشە كەهاریكاری و هەماهەنگیەكان زیاتر بكرێن.
ناوخۆیی هەرێم
یەكێتی نیشتمانی كوردستان پایەندبوونی خۆی بەسیستمی پەرلەمانی و پرەنسیپی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و رێزگرتن لەبنەما قانونیەكان دوپات دەكاتەوە.
بۆ گەیشتن بەهەڵوێستێكی هاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی كوردستان سەبارەت بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم، یەكێتی لایەنگری سازانی نیشتمانی و سیاسی و تێگەیشتنێكی هاوبەشە، بۆ ئەم مەبەستەش وەفدی مەكتەبی سیاسی چەندین كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەكان ئەنجام داوە و بەردەوامیش دەبێت.
بۆ گەیشتن بەسازان یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەیە هەموو توانایەكی خۆی بخاتە كار بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان كۆببێتەوە، هاوكات كارئاسانی پێویستیش بكات بۆ ئەوەی لایەنەكانی تریش بەكۆبونەوەو گفتوگۆ بگەنە رێكەوتنێكی هاوبەش  بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێك بۆ  جێبەجێكردنی ئەركی پەرلەمان لەم روەوە.
یەكێتی كار بۆ ئەوە دەكات كەكوردستان ببێتە خاوەنی دەستورێكی دیموكراسی مەدەنی پەرلەمانی كەماف و ئازادی و سەروەری كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانی  زامن بكات و دەسەڵاتەكانیش لەیەك جیابكاتەوەو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریش بپارێزێت، هەروا دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكی هاوسەنگ لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت دابەش بكات و  مافە سیاسی و مەدەنیەكانی تاك و چەمكی هاوڵاتیبوون  مسۆگەر  بكات و گەرەنتی وەدیهێنانی مافی هاووڵاتیان بێت 

عیماد ئەحمەد
 وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
10/7/2015
 



PM:05:59:10/07/2015