فازڵ میرانی: داكۆكی لەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن خەڵكەوە دەكەین

‌فازڵ میرانی
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت ئەوان داكۆكی لەو بۆچوونە دەكەن كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و ئەوە بە دیموكراتتر دەزانن تا ئەو لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت .

فازڵ میرانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، باس لەوە دەكات كە ئەوان داكۆكی لەو بۆچوونە دەكەن كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و ئەوە بە دیموكراتتر دەزانن تا ئەو لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: "دەنگمان بە پەرلەمانتارێك داوە كە داڕشتنەوەی یاسا و چاودێری كارەكانی حكوومەت بكات. لە ئەگەری كاندیدا بوونی چەند كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم پەرلەمانتارێك چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بۆچوونی هەموو ئەو كەسانەی كە دەنگیان پێ داوە. با خەڵك هەموو بەشدار بن لە پڕۆسەی دەنگدان. بەڵام لە ئێستادا بۆ ئەوەی كوردستان تووشی بۆشاییەكی یاسایی نەبێت پێمان باشە وەك چۆن لە دەستووردا نووسراوەتەوە لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمان بێت و قەیرانێكی تریش لە پاڵ قەیرانی كێشە لەگەڵ بەغدا و قەیرانی شەڕی داعش و ... زیاد نەكەین. لەگەڵ كۆتایی هاتنی خولی پەرلەمان، دانانی دەستووریش تەواو دەبێت و ئەو كاتە بڕیاری لەسەر دەدەین كە چۆن بێت. ئێمە مەرجەعێكمان هەیە كە ئەویش میللەتە، ئەو كاتە هەر ناكۆكییەكمان هەبێت با لەسەر بنەمای ریفراندۆم خەڵك بڕیاری كۆتایی بدات. زۆرینە هەرچی بێت ملكەچی دەبین".

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵ باسی لە سەردانی شاندی دانوستاندكاری پارتەكەی بۆ لای حزب و لایەنەكانی سیاسی و دەرئەنجامی دیدارەكان دەكات. میرانی لەو باوەڕەدایە كە پێویستە لە جیاتی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، كۆبوونەوەی هەموو لایەنەكانی سیاسی بكرێت و بەو جۆرە سازان لەسەر پرسەكانی سیاسی كوردستان بكرێت. ئەو بەرپرسە باڵایەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوارۆژی هەرێم ئومێدوارە بەڵام دەڵێت ئەوە بەندە بە هێزی خۆمان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوخۆیی.

فازڵ میرانی هەروەها دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیەی كە لایەنەكان پێشكەشیان كرد دەرچوون بوو لە سازانی نیشتمانی كە هەموو لایەنەكان پێشتر لەسەری رێككەوتووین. ئێمە تا ئێستا هەرچی كردوومانە بە سازان كردوومانە، هەم لە ئاستی عێراق و هەم لە ئاستی هەرێمی كوردستان. لەو بارەوە گرنگیمان بە دەنگی كەمینە و زۆرینە نەداوە كە ئێمە زۆرینەی دەنگەكانیشمان هەبوو. جەنابی سەرۆك بارزانی بەر لەوەی سەردانی دەرەوە بكات لەگەڵ پارتەكان كۆبووە و داوای لێكردن ئەو دوو پرسەی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێم با بە سازان چارەسەری بكەن. ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ زۆرینە و كەمینە ئەوە دەبێت لە هەموو شتەكان هەر وابێت. ناكرێت بۆ نموونە ئێمە بە 38 كورسی یەك وەزیرمان هەبێت و كەسێكی دیكە بە 10 كورسی ئەویش هەر یەك وەزیری هەبێت. هەر بۆ نموونە لە پەرلەمان كە ئێمە 38 كورسیمان هەیە، ئەو لێژنەیە كە ئەو پڕۆژانە تاوتوێ دەكات ئێمە سێ ئەنداممان هەیە، برادەرانی یەكێتی بە 18 كورسی سێ ئەندامیان هەیە و گۆڕان بە 24 كورسی هەر سێ ئەندامی هەیە. كەواتە بە زۆرینە و كەمینەمان نەكردووە و ئەگەر وابا دەبوایە ئێمە دوو هێندەی ئەوان ئەنداممان هەبێت. ئێمە لەسەر بنەمای سازان ئەو پێكهاتەیەمان داناوە".

میرانی دەڵێت بە پارتەكانیان گوتووە كە ئەوە دەرچوون بووە لە سازان و كوردستان بەرەو بارودۆخێكی خراپ رادەكێشێت و لەو بارەیەوە گوتی: "دوای سەردانەكان، لایەنەكان رایانگەیاندووە كە بە سازان خوازیاری چارەسەری ئەو پرسانەن و ئەوە بە گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستیان دەزانین بەڵام تا بە فەرمی دانەنیشین و بە فەرمی نەگەینە ئەنجامێك ناتوانین بڕیاری كۆتایی بدەین".

لەبارەی ئەگەری بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بەستنی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئاسان نییە. پێشتر دەمانكرد. بەڵام بە سەرنجدان بەو كۆبوونەوەی دوایی پەرلەمان كە چوار لایەن بەرامبەر بە لایەنێك بوو، ناكرێ ئێمە ئەگەر ناكۆكی لە بۆچوونەكانمان هەبوو لە نێوانماندا، خەڵكێكی دیكە یان لایەنیكی دیكەش نەتوانێت بەشدار بێت. ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان باشە كە لە پێكهاتەكانی پەرلەمان وەكو نەتەوەكانی توركمان، ئاشووری و كلدان و سریان و حزبەكانی دیكە بەشدار بن. چونكە ئەگەر بوو بە چوار بە یەك كۆبوونەوەكە دەرئەنجامی نابێت. ئەوانیش هاووڵاتی ئەم نیشتیمانەن و نابێت ئێمە ئەو پێنج حزبە شتەكان قۆڕخ بكەین".



PM:03:28:11/07/2015