سەرۆكایەتی هەرێم ڕەتیدەكاتەوە قاسم سلێمانی چاوی بە بارزانی كەوتبێت

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا رەتیدەكاتەوە  كە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بارزانی دیداری كردبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015-07-23، لە لێدوانێكی نووسراودا ، سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە نووسینگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ژمارەیەك سایت و میدیادا هەواڵێك بڵاو بووەتەوە كە گوایە "قاسم سولەیمانی”، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، بە نهێنی هاتووەتە هەولێر و سەردانی سەرۆك بارزانی كردووە و لەگەڵیدا كۆبووەتەوە”. سەرچاوەكە جەختی لەوە كردەوە كە دیدار لەگەڵ قاسم سولەیمانی بابەتێكی زۆر ئاسایییە، بە تایبەت لەم هەلومەرجانەدا كە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە شەڕ داین و پێشتر دیداری وا بە ئاشكرا هەبووە و لەمەودواش كە پێویست بوو دیداریان دەبێت، بەڵام 3 مانگ زیاترە كە قاسم سولەیمانی دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی نەبووە. جەختیشی لەوە كردەوە: "ئەم هەواڵە كە باسی هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ هەولێر لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا دەكات، لە ڕاستییەوە دوورە”.



PM:06:39:23/07/2015