٨٥ فڕۆکە بۆردومانی کردووە
قەرەیڵان: پێمان نایە قۆناغێکی نوێوە

لە دوێنێ شەوەوە بە دوو جار ٨٥ فڕۆکەی تورکی بۆردومانیان کردووەو ٤٠٠ شوێن بۆردومانکراوە، موراد قەرەیڵانش دەڵێت: پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند : شەوی رابردوو کە کاتژمێر ١١ ی شەو تا ٢ ی شەو بۆردومان بەردەوام بوو، ٦٠ فڕۆکەی جەنگی تورکی بەشداری بۆردومانی ناوچەکانی بادینان و قەندیلیان کردووە، ئەمڕۆش ٧/٢٥ لەچەند هێرشێکی ئاسمانیدا ٢٥ فڕۆکە بەشداریان کردووە. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوەکەی پەکەکە، فڕۆکەکان ٤٠٠ شوێنیان کردۆتە ئامانج.

سەبارەت بەزیانە گیانییەکان بەپێی ئەو سەرچاوەیە تەنها یەک گەریلا بۆتە قوربانی و سیانی تریش برینداربوون، لەگەڵ برینداربوونی ٤ هاوڵاتی مەدەنیدا.

هەرچەندە زیانییە گیانییەکان کەمن، بەڵام زیانە مادییەکان، زەرەرێکی زۆر لە زەوی و زار و کشتوکاڵ و رەزو مەزاری جوتیاران کەتووە.

هەر ئەمڕۆ قەرەیڵان فەرماندەی هێزی پاراستنی گەل، جگە لە ئاشکراکردنی گیان لەدەستدانی ئەو گەریلایە کە ئەندامی کۆنسەی پەکەکەیەو ناوی شەرڤان فارتویە، هاوکات قەرەیلآن وتیشی:پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

سەبارەت بە کەمی زیانەکان، قەرەیڵان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد " ئەوان پێش وەخت هەموو رێوشوێنێکیان گرتۆتە بەر".    

قەرەیلآن وتیشی تورکیا هەر بە فڕۆکە بۆردومانی ئێمەی نەکردووە، بەڵکو لەو سەنگەرانەش کە نزیکبوون، بە تۆپ و تانک بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە.


PM:10:08:25/07/2015