سەرۆکی پەرلەمان بۆ قونسڵی ئه‌مه‌ریکا: ئه‌مه‌ی تورکیا به‌زاندنی سنوری هه‌رێمه‌

لە پێشوازی کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی دیبلۆماتی ئەمەریکا، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان وتی: ئه‌مه‌ی تورکیا به‌زاندنی سنوری هه‌رێمی کوردستانه‌.‌

د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، لە پێشوازی کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی دیبلۆماتی ئەمەریکا، دەڵێت"سەرەڕای کێشەی ئابوری و کێشەی شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش و چەندین کێشە و گرفتی تر، دەمانەوێت دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان بەرەو دواوە نەگەڕێتەوە، دەمانەوێت هەڵبژاردن دوا نەکەوێت و زەمینەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتییانە بەرەو پێش بەرین."

ئەمڕۆ یەک شەممە، ٢٦-٧-٢٠١٥ جۆزیف پێنینگتۆن(joseph pennington) کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ماتیاس میتمان کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەرێم و شاندێکی دیبلۆماتی سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان کۆبوونەوە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی ئەمەریکا باسی لە تەواوبوونی ئەرک و کارەکانی خۆی کرد لە هەرێمی کوردستان و دەستبەکاربوونی ماتیاس میتمان  وەک کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان. 

لە بارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش، کونسوڵی ئەمەریکا وتی"هیوادارین هەمو لایەنەکان بگەنە ڕێگەچارەیەکی گونجاو، ئەم بارودۆخەی ئێستا زوو تێپەڕێنن و چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەن."

دواتر سەرۆکی پەرلەمان، تیشکی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و کوبونوەوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. لە تەوەرێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، باسی لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کرد بۆ سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بۆردومانی گوند و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە وتی "ئەمە بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستانە، هیوادارین لەبری پەنابردن بۆ چارەسەری سەربازی،  بیر لە چارەسەریی ئاشتیانە بکرێتەوە."



PM:01:00:26/07/2015