پەکەکە هێرش دەکاتە سەر رووداو

راگەیاندنی هێزە سەربازییەکانی پەکەکە کەبە ( هەپەگە ) ناسراوە لەسەر رووماڵکردنی بۆردومانی فڕۆکەکانی، هێرشێکی توند دەکاتە سەر تەلەفزیۆنی رووداو تۆمەتی ئەوەی دەخاتە پاڵ کە "لەڕێی دەزگایەکی سیخوڕیەوە داڕێژراوە".

هەپەگە لە لیدوانێکیدا کە لەمیدیاکانی پەکەکە بڵاوکراونەتەوە هاتووە: تەلەفزیۆنی ڕووداو وای بڵاوکردوەتەوە گوایە لە هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا 30 گەریلامان شەهید و 40 گەریلامان برینداربووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو هەواڵە ڕاست نیە، ئاشکرایە ئەو هەواڵە بێڕێزی کردنە بە گەریلاکانی ئازادی کوردستان و لەڕێی دەزگایەکی سیخوڕیەوە داڕێژراوە".

باڵی سەربازی پەکەکە دەڵێن : تەلەفزیۆنی ڕووداو بەو سیاسەتەی لەشوێنی ئەوەی ڕاستیەکان بگەیەنێتە بینەران، بەپێچەوانەوەی لەسەر هێڵی دژایەتی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد کار دەکات، ئێمە وەک ناوەندی چاپەمەنی هەپەگە ڕاستی هێرشی 24 مانگی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیامان بۆ سەر هەرێمی پاراستنی مەدیا لەهەموو ڕوەکانیەوە بۆ گەلەکەمان و ڕایگشتی ئاشکرا کردوە".

پەکەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات "بە هیچ هەواڵێکی تەلەفزیۆنی ڕووداو لەسەر هەرێمی پاراستنی مەدیا باوەڕ نەکەن و بەهەند وەرنەگرن".



PM:08:53:26/07/2015